سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى: چاوەڕێین بەغداد پارەى دیکەمان بۆ بنێرێت

هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى پارەکەى بەغدادە بۆ دابەشکردنى مووچە. فۆتۆ: کەناڵ8

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند "چاوەڕوانین سبەینێ یەکشەممە یان دوو سبەى دووشەممە، وەزارەتى دارایى عێراق بڕیار لەسەر ناردنى پارەى دیکە بۆ مووچە بدات".

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى گوت "وەزارەتى دارایى عێراق داواى کۆدى هێزەکانى ناوخۆ و پێشمەرگەو سێ سەرۆکایەتییەکەى کردووە، رۆژى 5 شەممە ئەو کۆدانەى داواکراون رەوانەى وەزارەتى دارایى عێراق کراون".

ئاماژەى بەوەشکرد، هەرکات بەغداد پارەى دیکە بۆ مووچە رەوانەکرد، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیار لەسەر خشتەى مووچەو دابەشکردنەکەى دەدات". 

سەرەڕاى ئەوەى کە حکومەتى عێراق بڕى 599 ملیار و 622 ملیۆن دینارى بۆ مووچەى مانگى شوباتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان ناردووە، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان سوورە لەسەر ئەوەى تا شایستەى مووچەى هێزەکانى ناوخۆ و پێشمەرگەو سەرۆکایەتییەکان نەنێردرێن، دابەشکردنى مووچەى مانگى شوبات دەستپێنەکات.

ئەمڕۆ شەممە 23ى ئازار، 51 رۆژ تێپەرى بەسەر دابەشکردنى مووچەى کانوونى دووەمى ئەمساڵ کە وەزارەتى دارایى لە دووى شوباتدا، مووچەى مانگى یەکى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانى دابەشکرد.