پێنج ساڵ لەمەوبەر داعش لە رۆژئاوای کوردستان "تێکشکێندرا"

وێنەیەکی شاری رەققە دوای نەمانی داعش فۆتۆ: گێتی ئیمەیج

لە پێنجەمین ساڵیادی "تێکشکاندنی" داعشدا لە رۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای دادگاییکردن یاخود وەرگرتنەوەی گیراوانی داعش دەکەن لەلایەن وڵاتەکانیانەوە.

رۆژی شەممە، 23ی ئازاری 2024، پێنج ساڵ تێپەڕی بەسەر "تێکشکاندنی" داعشدا لە دوایین پێگەی جوگرافییان لە ناوچەی باغۆزی رۆژئاوای کوردستان.

لەم یادەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانەکان کرد، کێشەی گیراوانی داعش یەکلایی بکەنەوە، هەروەها داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتییان بۆ لێپرسینەوە کرد، یان گێڕانەوەی گیراوان بۆ وڵاتانی خۆیان.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێشتا داعش مەترسییەکی راستەقینەیە و ئەگەری دووبارە خۆ رێکخستنەوەی لە رێگەی شانە نووستووەکانیەوە، ئەگەرێکی کراوەیە.

ئەمە جگە لەوەی باسیان لە مەترسییەکانی "کامپی هۆل"یش کردووە و بە ژینگەیەکی پڕ لە تیرۆر و مەترسی لەسەر داهاتووی ناوچەکە و جیهان ناویان بردووە.