ساڵی 2023 شەش هەزار و 610 بوومەلەرزە لە ئێران روویداوە

قوربانییەکی بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم ماڵە رووخاوەکەیدا فۆتۆ: AP

بەگوێرەی ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران، لەماوەی 11 مانگی ساڵی 2023دا لە ئێران و سنوورەکانی نزیک ئەو وڵاتە، زیاتر لە شەش هەزار بوومەلەرزە روویداوە.

ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران رایگەیاندووە، "لەماوەی 11 مانگدا لە ئێران و سنوورەکانی دەوروبەری، شەش هەزار و 610 بوومەلەرزەی بچووک و مام ناوەند روویانداوە".

ئاماژە بەوەشكراوە، "پارێزگاکانی خوراسانی رەزەوی، کرمان، ورمێ و خوراسانی باشوور، زۆرترین بوومەلەرزە لێیداون، پلەکانی یەکەم تاوەکو چوارەمیان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی ئێران گرتووە.

هاوکات، لەماوەی ئەو 11 مانگەدا لە تارانی پایتەختی ئێران، 83 بوومەلەرزەی بچووک روویداوە کە گوڕەکانیان لەنێوان 2.1 بۆ 3.5 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەیەوە، ئێران یەکێکە لە ناوچەکانی سەر هێڵی بوومەلەرزە لە جیهاندا، بەجۆرێک 15٪ی بوومەلەرزەکانی جیهان لە ئێران روودەدەن، ئەوەش بەهۆی بەرکەوتنی پلێتەکانی ئۆراسیا (ئەوروپا-ئاسیا) بە یەکدیدا.

لەمێژووی نوێی ئێراندا سێ بوومەلەرزەی وێرانکەر روویانداوە، لە ساڵی 1962 یەکەم ترسناکترین بوومەلەرزە بە پلەی 7.2ی رێختەر ئێران دەهەژێنێت، زیاتر لە 12 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە و دواتر بوومەلەرزەکەی شاری بەم لە رۆژهەڵاتی پارێزگای کرمان لە ساڵی 2003 روویدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 34 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 50 هەزار کەس.

کۆتا جار لە ساڵی 2017دا بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەدیاریکراوی سەرپێڵی زەهاو، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 574 کەس و برینداربوونی نۆ هەزار و 388 کەس و زیاتر لە 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیشی وێرانکرد.