پێشەوا هەورامانی:  لیستی مووچەی مانگی سێ بە پلەبەرزکردنەوەوە بۆ بەغداد دەنێردرێت

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی سێ بە پلەبەرزکردنەوەوە بۆ بەغداد دەنێردرێت و سبەینێش لیستی مووچەی مانگی دوو رادەگەیەنن.

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی تارگێتی کەناڵ8 رایگەیاند، هەموو بڕیارەکانى لەناو ئەنجومەنى وەزیران پشتیوانى کران و هیچ کەسێک لەگەڵ ئەوە نەبوو مووچە بەو بڕە پارەیەى لە بەغدادەوە نێردراوە دابەشبکرێت.

گوتیشی، بەڵێندراوە و رێککەوتن کراوە کە مووچەى هێزى پێشمەرگە و ئەوانەى دیکە کە نەنێردراوە بنێردرێت بۆ هەرێمى کوردستان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندى بەردەوامدا بووە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق و لێکتێگەیشتنى باشکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا هیچ بڕیارێک لەسەر پاشەکەوتى مووچە نەبووە و سبەینێ لیستی مووچەی مانگی دوو رادەگەیەنرێت.

لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، پێشەوا هاورامانی گوتی، لیستى مانگى سێی مووچەی فەرمانبەران بە پلە بەرزکردنەوەوە رەوانەى بەغداد دەکرێت و پلە بەرزکردنەوە کاریگەرى دەبێت لەسەر بڕى پێویستى بوودجە بۆ دابەشکردنى مووچە.

بە گوتەی پێشەوا هەورامانی،  پڕۆژەى هەژمارى من بە ئاگادارى حکومەتى عێراق کراوە و تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆران دەبنە خاوەنى هەژمارى من.