بەگوێرەی نوێترین راپۆرت، شارە تورکییەکان زۆرترین کەسی بەتەمەن و شارەکانی باکووری تورکیا کەمترین کەسی بەتەمەنیان تێدایە.
دامەزراوەی ئاماری تورکیا راپۆرتێکی لەبارەی کەسانی بەتەمەن بڵاوکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە، شاری سینۆپ زۆرترین کەسانی بە تەمەنی تێدایە و 20٪ی پارێزگاکە کەسانی بەتەمەنن، پاشان شارەکانی کاستامۆنۆ، گیرەسون، ئارتڤین، چانکری دێن کە سەرجەمیان شارەکانی باکووری ئەو وڵاتەن و بە ناوچەکانی دەریای رەش ناسراون.
ئەو ناوچانە زۆربەیان رووبەرێکی بەرفراوانی دارستان و سەوزاییان هەیە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە شارەکانی باکووری کوردستان کەمترین کەسانی بەتەمەنیان تێدایە، لەوانەش موش، بەدلیس، مێردین، ئاگری، سییرت، دیاربەکر، باتمان، وان، ئورفا، جولەمێرگ و شرنەخیش تەنیا 3.5٪ی دانیشتووانەکەی بەتەمەنن و لە ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان کەمترین کەسی بەتەمەنی تێدایە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە 21.4٪ زیادیکردووە و ژمارەیان گەیشتووەتە هەشت ملیۆن و 722 هەزار و 806 کەس، بەمجۆرەش 10.2٪ی دانیشتووانی تورکیا تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە.
چاوەڕوانیشدەکرێت ئەم رێژەیە لە ساڵی 2040 بگاتە 16.3٪ و لە 2080 بگاتە 25.6٪.