/

20 ساڵ بەسەر راگەیاندنی جیمەیڵدا تێپەڕی

Gmail app
جیمەیڵی ستانداردی گوگڵ

20 ساڵ لەمەوبەر  یەکێک لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی کۆمپانیای گوگڵ لەدایکبوو، جیمەیڵ، لە یەکی نیسانی 2004دا خرایە بەردەستی بەکارهێنەران، کە توانی شۆڕشێک لە شێوازی ناردنی ئیمەیڵدا ئەنجامبدات.

هەڵبژاردنی رۆژی درۆی نیسان بۆ راگەیاندنی خزمەتگوزارییەکە بە رێککەوت نییە، بەڵکو بەهۆی حەزی هاودامەزرێنەرانی گوگڵ، لاری پەیج و سێرجێی برین بۆ گاڵتەکردن، بڕیاریاندا لەو رۆژەدا رایبگەیەنن.

جیمەیڵ 20 ساڵ لەمەوبەر بە یادگەی یەک گێگابایت بۆ هەر هەژمارێک راگەیەندرا، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ناو ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاوکرایەوە، خەڵک پێیان وابوو ئەمە گاڵتەیەکی کۆمپانیای گوگڵە، بەو پێیەی بۆ ئەو کاتە یەک گێگابایت بڕێکی گەورە بوو لە یادگە.

جیمەیڵ ئێستا 1.8 ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەیە و هەر هەژمارێک 15 گێگابایت یادگەی هەیە و دەتوانێت زانیارییەکانی تێدا هەڵبگرێت، هەرچەندە بەراورد بە سەرەتا 15 جار یادگەکەی زیاترە، بەڵام هێشتا بۆ بەشێک لە بەکارهێنەران بەس نییە، هەر بۆیە کۆمپانیاکە بەشداریکردنی مانگانەی بۆ جیمەیڵ زیادکردووە.

جیمەیڵ کاتێک هاتە ناو مەیدانی ئینتەرنێتەوە، بووە یەکەم بەردی بناغەی ئیمپراتۆریەتی گووگڵ، بەدوایدا چەندین خزمەتگوزاریی دیکە لەدایکبوون، وەکو گووگڵ ماپس و یوتیوب و بزوێنەری گەڕانی کرۆم.

گوگڵ بەجۆرێک گەشەی کردووە، بووەتە بزوێنەرێکی گەڕانی سەرەکی لە جیهاندا، هەر بۆیە ژماریەکی زۆر لە بەرپرسانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش کۆمپانیاکەیان بە ئامانجگرتووە، تاوەکو هەلی فراوانبوون و پێشبڕکێ بدات بە کۆمپانیاکانی دیکەش.

جارێکی دیکە و لە ساڵی 2007 لە رۆژی درۆدا کە یەکى نیسانە، کۆمپانیای گووگڵ گوتی لەسەر کاغەزی پاشماوەی سۆیای ئۆرگانیک جیمەیڵی بەکارهێنەران پرنت دەکات و بۆیان دەنێرێت، بەڵام ئەمجارەیان بەڕاستی گووگڵ گاڵتەیکرد.