یەکەم کەس کێبوو لە مێژوودا بە ئۆتیزم دەستنیشانکرا؟

یەکەم کەس کە بە ئۆتیزم دەستنیشانکرا
کێبوو یەکەم کەس لە مێژوودا بە ئۆتیزم دەستنیشانکرا؟


قەت لە خۆتت پرسیوە کەی بۆ یەکەمجار پەشێویی شەبەنگی ئۆتیزم دەستنیشانکرا؟ کەی نیشانەکانی ناسرانەوە و پەشێوییەکە پۆلێنکرا؟ بەکارهێنانی وشەی ئۆتیزم دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی 20. ساڵی 1912، یوگن بلولەر وشەی 'ئۆتیزم'ی وەکو یەکێک لە نیشانەکانی سکیزۆفرینیا باسکرد، بەڵام تا ساڵی 1943 'ئۆتیزم' نەبووە پەشێوییەکی جیا.



دکتۆر لیۆ کانەر بۆ یەکەمجار وشەکەی بۆ دەستنیشانکردنی نیشانە کۆمەڵایەتی و هەستیارییەکانی پەشێوییەکە بەکارهێنا. سەرەتا وشەی ئۆتیزم وەکو یەکێک لە نیشانەکانی سکیزۆفرینیا بەکاردەهات، دواتر دکتۆر لیۆ کانەر پەشێوییەکەی جیاکردەوە و وەک پەشێوییەکی جیا توێژینەوەی لەسەر 11 نەخۆش کرد کە لەو کاتەدا نیشانەکانی ئۆتیزمیان هەبوو، بەڵام کاتێک باسی یەکەم نەخۆش دەکەین، هەموو چیرۆکەکان دەگەڕێنەوە سەر چیرۆکی یەک نەخۆش، ئەویش دۆناڵد تریپلێتە.


دۆناڵد تریپلێت یەکەم کەسە لە مێژوودا بە ئۆتیزم دەستنیشانکرابێت. ئەو، ساڵی 1933، لە خێزانێکی ناودار لە میسیسیپی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە. پێش ئەوەی بە ئۆتیزم دەستنیشانبکرێت، لە ئەنیستیتۆیەکی تایبەت دەمایەوە، ئەمەش دۆخێکی ئاسایی بوو بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشیی دەروونییان هەبوو. دایکوباوکی ئەو منداڵانەش کە نەخۆشیی دەروونییان هەبوو، هەر زوو بڕیاریاندەدا منداڵەکانیان بخەنە یەکێک لەو جێگەیانە و لە دووری دایکوباوکیان گەورەببن.


دۆناڵد لە تەمەنی سێ ساڵیدا خرایە یەکێک لەو جێگە تایبەتانە و لەوێ دەمایەوە، شوێنەکە زۆر لە ماڵی خۆیانەوە دوور نەبوو. دایکوباوکی دەیانتوانی مانگانە سەردانی بکەن. بەهۆی ئەوەی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی نیشانەکانی خراپتر کردبوو، پاش ساڵێک مانەوە، دایکوباوکی بڕیاریاندا بیگەڕێننەوە ماڵەوە، هەرچەندە پزیشکەکانی لەگەڵیدا نەبوون.


دایکوباوکی دۆناڵد دەستیانکرد بە گەڕان بە دوای پزیشکێکی تایبەتمەنددا کە بتوانێت یارمەتی منداڵەکەیان بدات، لەو کاتانەدا، بە دکتۆر لیۆ کانەر ئاشنابوون، کە یەکێک بوو لە بەناوبانگترین پزیشکە دەروونییەکان لە وڵاتەکەدا و پرۆفیسۆر بوو لە زانکۆی جۆن هۆپکینس. لە یەکەم هەڵسەنگاندنی پزیشکییدا کە بۆ دۆناڵد کرا، باوکی دۆناڵد سەرجەم ئەو تێبینییە نووسراوانەی دا بە پزیشکەکە کە پێشتر تۆماریکردبوون سەبارەت بە تەندروستی و نیشانەکانی نەخۆشەکە. ئەم نامانەی باوکی، هاوکارێکی سەرەکی دیاریکردنی پەشێوییە رەفتارییەکەی دۆناڵد بوون و یەکێک بوون لەو هۆکارانەی دکتۆر لیۆ کانەر، دۆناڵد بە پەشێویی ئۆتیزم دەستنیشانبکات. لە نامەکاندا ئەم تێبینییانە هەبوون، "کاتێک تەنیایە دڵخۆشترینە،" "دەچێتەوە قەپێڵکەکەی خۆی و لە ناو خۆیدا دەژی" و "بێئاگایە لە شتەکانی چواردەوری."


دواتر قۆناغی هەڵسەنگاندنی پزیشکی دەستیپێکرد و کاتی ئەوەبوو کە پزیشکەکە هەڵسەنگاندنی ئۆبجێکتڤی خۆی بکات، ساڵی 1938، یەکەم دیداری لیۆ کانەر و دۆناڵد تریپلێت روویدا. جوڵەکانی کوڕە پێنج ساڵانەکە دووبارە و خۆنەویست بوو. دواتر پزیشکەکەی گوتبووی: "سەری بەملاولادا دەجوڵاند، چپەچپی دەکرد و بە دەنگی، هەمان سێ تۆنی دووبارە دەکردەوە."


شێوازی ئاخاوتنی بریتیبوو لە "چپەچپی ناپێویست، وشەی هەڕەمەکیی بێ مەبەست." لە رووی سۆزداریشەوە وا دیاربوو کە گرنگییەکی زۆر بە ئامادەیی دایکوباوکی نادات.


تریپلێت، کە لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچیدواییکرد، ژیانێکی سەربەخۆ و پڕ دەستکەوتی بەسەربرد و وەکو 'کەیسی ژمارە یەک'ی ئۆتیزم ناسرا. هەرچەندە بەشێکی زۆری ژیانی دوور لە رووناکی و چاوی کامێراکان بەسەربرد، بەڵام بووە نموونەیەکی مەزن لە مێژووی زانستدا بۆ ئاشنابوونی زیاتر و کرانەوەی زیاتر بە ڕووی پەشێویی شەبەنگی ئۆتیزمدا.


تریپلێت توانی فێری شۆفێری ببێت، لە بانکی خێزانەکەیاندا، لە بەشی پێشوازی کاریدەکرد، ئارەزووی یاریکردنی گۆڵفیشی دەکرد. سەرەڕای حاڵەتەکەی، تریپلێت توانی جێی خۆی بکاتەوە، ئەو دوو رۆژنامەنووسەش کە چیرۆکی ژیانی تریپلێتیان گێڕایەوە، پاش مردنی لە ساڵی 2023 نووسیبوویان: "دەرکەوت کە قبوڵکردنی ئەو کەسانەی جیاوازن، شتێکی ئەوەندە قورسیش نەبوو وەکو بیرمان لێدەکردەوە."