جیاوازییەکانی نێوان ئۆتیزمی بیرکۆڵ و ئۆتیزمی بلیمەت چیین؟

ئۆتیزم پەشێوییەکی ئاڵۆزی دەمارییە کە کار دەکاتەسەر شێوازی پەیوەندیکردنی کەسەکە لەگەڵ دەوروبەری و تێگەیشتنی لە زانیارییەکان. ئۆتیزم پەشێوییەکی شەبەنگییە، واتە نیشانە و پلەی نەخۆشییەکە لە تووشبوویەکەوە بۆ تووشبوویەکی دیکە دەگۆڕێن.

ئۆتیزمی بلیمەت چییە؟

ئەو کەسانەی ئەم جۆرەی ئۆتیزمیان هەیە، ئاستی زیرەکی و توانای قسەکردنیان ئاساییە، یان باشتریشە لە کەسانی ئاسایی.
ئەم کەسانە لەوانەیە گرفتیان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت، بەڵام دەتوانن بە شێوازێکی سەربەخۆ کارەکانیان بکەن و هەندێجار تواناکانیان لە بیرکاری، زانست و موزیکدا زۆر لە کەسێکی ئاسایی باشترە.
هەرەها زۆر حەزیان لە چەند بابەت و چالاکییەکی دیاریکراو هەیە و حەزیان لە دووبارەکردنەوەی چالاکی و رۆتینەکانیانە.

ئۆتیزمی بیرکۆڵ چییە؟

تووشبووانی ئەم جۆرەی ئۆتیزم، ئاستی هزری و زیرەکییان نزمە.
ئەم کەسانە بۆ بەڕێکردنی چالاکییەکانی رۆژانەیان پێویستییان بە یارمەتیی دەوروبەریانە، وەکو کاتی نانخواردن، رۆیشتن بۆ تەوالێت و خۆگۆڕین.
هەروەها ئەم کەسانە توانای لێکدانەوە و وەرگرتنی هەستەکانیان باش نییە، ئەمەش وادەکات هەندێجار زۆر تووڕەببن و هاواربکەن یان تەنانەت زیان بە خۆشیان بگەیەنن

سەرەڕای ئەوەی هەردوو ئۆتیزمی بلیمەت و بیرکۆڵ لەسەر شەبەنگی ئۆتیزمن، بەڵام چەند جیاوازییەکی سەرەکییان هەیە وەکو:

نیشانەکانی ئۆتیزمی بلیمەت:

  1. ئەم کەسانە گرفتیان لە پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکدا هەیە بۆنموونە ناتوانن کە کەسێک قسەیان بۆ دەکات سەیری چاوی کەسەکە بکەن
  2. حەزێکی زۆریان بۆ بابەتی دیاریکراو هەیە وەکو دایناسۆر و کۆمپیوتەر
  3. ئاستی زیرەکییان زۆر بەرزە و توانای قسەکردنیان زۆر باشە

بە گووتەی پسپۆڕان ئەو نەخش و نیگارانەی لە سەدەکانی رابردوودا لەسەر بەرد و دیواردا نەخشێنراون، لەوانەیە کاری ئەو کەسانەبن کە ئۆتیزمی بلیمەتن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە ئەم کەسانە دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ بە سەرنجەوە کار لەسەر ئەرکێکی ئاڵۆز بکەن و نەخشە بچوکەکان بناسنەوە. ئیلۆن مەسکی سەرمایەداری جیهانیش پێشتر دەریخستبوو کە ئۆتیزمی بلیمەتی هەیە و جگە لە مەسکیش، پسپۆڕان وای بۆ دەچن بەشێک لە زانایان و کەسانی بەتوانا و بەناوبانگی جیهانیش، وەکو ئەلبێرت ئەنیشتاین و چارلس داروین، ئۆتیزمیان هەبووبێت. .

نیشانەکانی ئۆتیزمی بیرکۆڵ:

  1. توانای هزری و ئاستی زیرەکییان زۆر نزمە
  2. لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر خراپن، بەجۆرێک هەندێجار پێویستدەکات شێوازێکی تەواو جیاواز بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵیان بەکاربهێنرێت، وەکو بەکارهێنانی زمانی ئاماژە و بەکارهێنانی وێنە
  3. لە هەستەکان تێناگەن و هەندێجار ئازاری خۆشیان دەدەن
  4. ناتوانن هەموو ئەرکەکانی رۆژانەیان بەتەنیا ئەنجامبدەن و پێویستییان بە یارمەتیی دەوروبەرە

هۆکارەکانی تووشبوون بە ئۆتیزم چیین؟

تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ تووشبوون بە ئۆتیزم، بەڵام پسپۆڕان وای بۆدەچن کە هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەیی پێکەوە مەترسیی تووشبوون بەم پەشێوییە زیادبکەن.
لە چەند توێژینەوەیەکدا ئەوە خراوەتەڕوو ئەو کەسانەی تووشی ئۆتیزمی بلیمەت بوون، بازدانە بۆماوەییەکانیان کەمترە بەراورد بەو کەسانەی کە ئۆتیزمی بیرکۆڵیان هەیە.
ئەم بازدانانە کاریگەری دەخەنەسەر شێوازی گەشەکردنی مێشک، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی جیاوازی لە ئاستی .هزری و توانای پەیوەندیکردندا