هەڵمەتێکی بەرفراوانی کوتانی منداڵان دژی سوورێژە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

وەزیری تەندروستیی عێراق، ساڵح حەسناوی رایگەیاند کە لە دوای جەژنی رەمەزانەوە، هەڵمەتێکی بەرفراوانی کوتانی منداڵان لە دژی نەخۆشیی سورێژە دەستپێدەکات.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق، نۆ هەزار و 253 تیمی تەندروستیی دیاریکردووە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتی کوتان دژی سوورێژە لە 23 هەزار و 274 قوتابخانەدا.

ئامانج لەم هەڵمەتە کوتانی زیاتر لە حەوت ملیۆن و 398 هەزار قوتابیی قۆناغی سەرەتایی و دایەنگەیە دژی نەخۆشیی سوورێژە.

وەزیری تەندروستیی عێراق راشیگەیاند کە هەڵمەتەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

نەخۆشیی سوورێژە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی باوە لەناو منداڵاندا، ئەم نەخۆشییە ئەگەر لە رێگەی کوتانەوە رێگری لێنەکرێت، ئەوا دەکرێت زۆر مەترسیداربێت، بەتایبەتی لە منداڵانی بچوکدا.

سوورێژە زۆر بەئاسانی و خێرایی بڵاودەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی رێژەی مردن بە ئەم نەخۆشییە بەهۆی بەکارهێنانی کوتانی دژەسوورێژە بەڕێژەیەکی بەرچاو لە سەرانسەری جیهاندا کەمیکردووە، بەڵام هێشتا ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە 200 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن و زۆرینەشیان منداڵانن.