/

لە پشووەکانی نەورۆزدا لە ئێران سێ ملیۆن کەس بە فڕۆکە گەشتیان کردووە

یەکێک لە شەقامەکانى تارانى پایتەختى ئێران. فۆتۆ: AP

لە پشووەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بە فڕۆکە گەشتیان کردووە.

جەعفەر یازرلو، گوتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران رایگەیاند، هێڵی فڕۆکەوانیی ئاسمانیی ئێران لەماوەی پشووەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بە 25 هەزار و 58 فڕین، سێ ملیۆن و 94 هەزار و 455 گەشتیاریان لەنێوان ناوچە جیاجیاکاندا لەناوخۆی ئێران گواستووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، هێڵی فڕۆکەوانیی ئاسمانیی ئێران بە تەرخانکردنی 155 فڕۆکە و دابینکردنی 45 هەزار کورسی، گەشتەکانی نەورۆزیان بۆ ئەو هاوڵاتییانە ئەنجامداوە.

پشووەکانی نەورۆز لە ئێران بۆ ماوەی 14رۆژ بەردەوامدەبێت و لەو ماوەیەدا خەڵکی ئەو وڵاتە بە ئۆتۆمبێل و فڕۆکە گەشت بۆ ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە دەکەن.

رۆژی 13ی نەورۆز، کە لە ئێران پێیدەڵێن، سیانزەبەدەر، لەلایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە بە مەراسیم و رێکخستنی شایی و ئاهەنگ بەڕێدەکرێت و بەو مەراسیمە ماڵئاوایی لە ساڵی پێشوو و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن و هیوای چاکە و ژیانی باش بۆ خۆیان و هەمووان دەخوازن.