لەوانەیە جگەرە ئەلیکترۆنییەکانیش وەکو جگەرەی تووتن مەترسیداربن!

جگەرە ئەلیکترۆنییەکان دەکرێت زیان بە تەندروستیی دڵ بگەیەنن

دەمێکە مشتومڕ هەیە لەسەر کاریگەریی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ؛ بەشێک لە خەڵکی پێیان وایە کە ئەم جۆرە جگەرانە باشترن لە جگەرەی تووتن و زیانیان کەمترە، بیانووشیان بۆ ئەمە ئەوەیە کە جگەرە ئەلیکترۆنییەکان دووکەڵ دەرناکەن، بەڵکو تەنیا هەڵم دەردەکەن و ماددەی تاریشیان تێدا نییە. تازەیی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان، وایکردووە کە توێژینەوەی زۆر لەبەردەستن نەبن لەسەر کاریگەرییەکانیان، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ توێژینەوە نوێیەکان زیاتر زیانەکانی ئەم جۆرە جگەرانە دەردەدەخەن.

توێژینەوەیەکی نوێ، ئاماژە بەوە دەکات کە جگەرە ئەلیکترۆنییەکان (ڤەیپ و پۆد)، ئەگەری پەککەوتنی دڵی بەکارهێنەران بەڕێژەی 19% زیاددەکەن.

توێژینەوەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە، زیاتر لە 175 هەزار کەس بەشدارییان تێداکردووە و لەو ژمارەیەش نزیکەی 29 هەزار کەسیان بەکارهێنەری جگەرە ئەلیکترۆنییەکان بوون.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە ئەوانەی بەرهەمێکی دیکەی نیکۆتین لەپاڵ جگەرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکاردەهێنن، نزیکەی %59 ئەگەری پەککەوتنی دڵیان زیاترە.

بەگشتی پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە جگەرە ئەلیکترۆنییەکانیش، دەکرێت وەکو جگەرەی تووتن زیان بە زۆرینەی ئەندامەکانی جەستە بگەیەنن؛ تاکە هۆکاریش بۆئەوەی کە تاوەکو ئێستا بەڵگەی پێویست لەبەردەست نییە بۆ زیانبەخشیی ئەم جۆرە جگەرانە، تازەبوونیانە لە بازاڕەکاندا. بە تێپەڕبوونی کات دەکرێت بەرەبەرە زیانەکانی ئەم جۆرە جگەرانەش دەربکەوێت و سەربکێشن بۆ نەخۆشیی مەترسیدار