دەزگای ئاسایشی هەرێم: لە رووبەروبونەوەیەکى چەکداریدا باندێکى بازرگانیی بەماددەى هۆشبەر دەستگیرکران

ئەو تۆمەتبارانەى دەستگیرکراون. فۆتۆ: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین باندێکی بازرگانیکردنیان بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکرد.

دەزگاى ئاسایشى هەرێم راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، رۆژى2ـى نیسان دوای بەدواداچوون و چاودێکردن، هێزەکانی ئاسایش لەسەر بڕیاری دادوەر، توانیان چوار تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە رووبەڕوبونەوەیەکی چەکداری لە رانیە دەستگیربکەن، هاوکات دەستبگرن بەسەر بڕی سێ کیلۆ و 500 کیلۆگرام  ماددەی کریستاڵ و بڕی 300 دەنک حەبی تڕاماڵ و 500 کیلۆگرام شیلەی تلیاک و دوو ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی ماددەکان بەکاردەهێنراون.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لەئێستادا بە ماددەی 26 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 500 کەس بەتۆمەتى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر دەستگیرکراون و لەو رێژەیە هەزار کەسیان تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.