ئایا رۆژووی پچڕپچڕ دەتوانێت پارێزگاریی لە تەندروستیی گەدە و ریخۆڵەمان بکات؟

لە توێژینەوەیەکی نوێدا سوودێکی دیکەی رۆژووی پچڕپچڕ دەرکەوت

توێژەرانی ئەمریکا تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر ژمارەیەک مشک ئەنجامدا، تێیدا دەستکاری چەند جینێکیان کرد و وایانلێکردن خێراتر بەتەمەندابچن. مشکەکان کران بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بە درێژایی رۆژەکە خواردنیان پێدەدرا، بەشەکەی دیکەش لە ماوەیەکی دیاریکراوی رۆژەکەدا هەمان بڕی خواردنیان پێدەدرا و کاتەکانی دیکەی رۆژەکەیان بەرۆژوو دەبوون.

دوای هەشت مانگ، پسپۆڕان بۆیاندەرکەوت کە ئەو مشکانەی رۆژووی پچڕپچڕیان دەگرت، چەند گۆڕانکارییەک لە ریخۆڵەیاندا دروستبوو کە وایدەکرد بڕی شەکری خوێن باشتر کۆنترۆڵبکرێت و هەوکردنیش کەمبکاتەوە.

بە گووتەی پسپۆڕەکان، توێژینەوەکە دەرخەری ئەو راستییەیە کە دەکرێت رۆژووی پچڕپچڕ یارمەتیدەربێت لە دابەزاندنی کێش، کۆنترۆڵکردنی رێژەی شەکر و هەروەها دەشتوانێت بە شێوازێکی ئەرێنی کاریگەری لەسەر ریخۆلە دابنێت و ببێتەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی هەوکردن.

بەتەمەنداچوون چۆن کاریگەری دەخاتەسەر ریخۆڵە؟

بۆ ئەم توێژینەوەیە پسپۆڕان سەرنجیان خستەسەر بەشێکی دیاریکراوی ریخۆڵە بەناوی جوجونەم.
جوجونەم دووەم بەشی ریخۆڵەیە کە بەرپرسە لە هەرسکردنی خۆراک و هەڵمژینی بەهاخۆراکییەکان لە خۆراکەوە بۆئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی جەستەدا بەکاربهێنرێن.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت، شیردەرەکان لەگەڵ بەتەمەنچووندا گۆڕانکاری بەسەرشێوەی ریخۆڵەیاندا دێت و وادەکات ریخۆڵە کەمتر توانای هەڵمژینی بەهاخۆراکییەکانی هەبێت.
بەڵام رۆژووی پچڕپچڕ لەرێگەی گەنجهێشتنەوەی جوجونەمەوە، رێگریدەکات لەو گۆرانکارییانەی بەهۆی بەتەمەنداچوونەوە بەسەر شێوەی ریخۆڵەدا دێن.