تاریکایی تەواوەتی.. چۆن خۆرگیران ئیلهامی بۆ هونەر و ئەدەبیات دروستکرد

لە ئاستی وڵاتی ئەمریکا، رێکەوتی هەشتی نیسان، خۆرگیرانی تەواوەتیی روودەدات، ئەم دیاردە گەردوونییە، بەدرێژایی مێژوو کاریگەریی لەسەر شارستانییەت و کولتوورەکانیان دروستکردووە.

بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەکان و شوێنەوارە هونەرییە دۆزراوەکان، کۆنترین هونەری پەیوەست بە خۆرگیران دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتی میسرییە کۆنەکان، کە هەمیشە ئەم دیاردە گەردوونییە، وەکو روودانێکی نەرێنیی لێی رووانراوە، لە ئەگەریی روودانیدا، باوەڕ وابووە، کارێکی خراپ لە ناو خوداوەندەکاندا روودەدات و زۆربەی کاتەکان، قوربانییان بۆ پێشکەشکردووە و راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کولتووریان دروستکردووە.

بۆ شارستانییەتی ئازتێکەکان، لە سەدەی چواردە بۆ شازدەیەم، خۆرگیران لێکدانەوەیەکی نەرێنیی بۆ کراوە، ئەمەش لە هەوێنی نەبوونی تێگەیشتن بووە بەرامبەر بەم دیاردەیە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەم رووداوەدا، مەراسیمی تایبەتیان رێکخستووە، پیاوە ئاینییەکان فەرمانیان بە دیاریکردنی قوربانیی داوە و کچ و کوڕی گەنجیان کردووە بە قوربانیی بۆ خۆری ئاوابوو، هاوکات، چەندین پەیکەر و هەڵکۆڵراوی سەر بەردیان دروستکردووە و رووداوەکانیان لەڕێگەی هونەری سەرەتاییەوە تۆمار کردووە.

بەڵام لە ناوەندی ئەوروپا، تێڕووانین بەرامبەر بە خۆرگیران لێکدانەوەیەکی جیاوازی بۆدەکرێت، پاش هاتنی ئاینی کریستیانی، بەدیاریکراوییش لە قۆناغی رێنەسانس و بوژانەوەی هونەری رۆژئاواییدا، هونەرمەندان خۆرگیرانیان کردووە بە سیمبولێکی ئاینی و لە سایەی لەخاچدانی عیسای مەسیحدا وێنایانکردووەتەوە، کە بە واتای رێگرتنی رووناکیی هاتووە و خۆری بەرگیراو هاوتای رووناکایی پشتەسەری مەسیح، دەبنە دوو سیمبولی دژیەک لەناو یەک چوارچێوەدا.

لە قۆناغی هاوچەرخدا، تێڕووانین لە خۆرگیران، دەبێت بە شێوازێکی نوێ لە تێگەیشتنی سیاسەت، خولی رۆژ و شەو، دەبێت بە خولی گۆڕانی سیاسەت لەنێوان پارتە جیاوازەکاندا، لە نموونەی بەرهەمی "King Lear"، کە تراجیدیایەکی بەناوبانگی شانۆنووسی دیاری بەریتانیا و جیهان، ویڵیام شەیکسپیرە، خۆرگیران دەبێت بە سیمبول و پەیامهێنێکی گەورە بۆ کەسایەتییە سیاسیی و حوکمڕانەکان، کە زیانی بە دەسەڵات و هەژموونیان گەیاندووە، لە بەرەیەکی دیکەشدا، جۆن میڵتۆنی گەورە شاعیری بەریتانی، خۆرگیران لە چوارچێوەی ترسی گۆڕانکاریی جێدەکاتەوە و نەتەوەیەک دەخاتە بەردەم ویستی گۆڕانکاریی دەسەڵاتدا لە شیعری "Paradies Lost".

لە قۆناغی پیشەسازییەوە تاوەکو ئێستا، تێڕووانینەکان لە خۆرگیران شێوەی جیاوازیان وەرگرتووە، بۆ بەشێک خۆرگیران وەکو زیان، ترس و تێنەگەیشتن ماوەتەوە، بۆ هونەرمەندان دووبارەکردنەوەی کەلەپووری دێرینی شارستانییەتەکانە و هەندێکیشیان پەیوەست بە رێبازی تایبەتی خۆیان لێکدانەوەی بۆ دەکەن.

ئێمیڵی دیکنسن، کە یەکێکە لە خانمە شاعیرە دیارەکانی ئەمریکا،  لە شیعرێکیدا خۆرگیران وەکو جووڵەیەکی ناسک وێنادەکات و ئاماژە بەوە دەدات، لە خۆرگیراندا وەها دەردەکەوت کە شەقامەکان رابکەن، پاشان هەمووان وەستان و خۆرگیران هەموو ئەوەبوو کە دەتوانرا ببینرێت، ئازار هەموو ئەوەبوو کە هەستی پێدەکرا.

لە ئاستی بەرهەمهێنانی فیلمیشدا، خۆرگیران پێناسێکی دووبارەی هەیە، لەو دیمەنانەدا کە ئەم دیاردەیە روودەدات، خراپەکاری، ونبوون، ئازار، ترس، لەدەستدان، دەبنە تێمای سەرەکی.