گەردەلوولێکی شێرپەنجەی پڕۆستات بەڕێوەیە

پسپۆڕان هۆشداریدەدەن سەبارەت بە زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات

لە کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزڵداندا لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕانسا، پسپۆڕان ئاماژەیان بەوەدا کە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات بە شێوەیەکی مەترسیدار لە زیادبووندایە، بە جۆرێک، پێشبینیی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2040 ژمارەی تووشبووان بەم نەخۆشییە دووهێندە ببێت، هەروەها رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە 85% زیادبکات،واتە نزیکەی 700 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانلەدەستبدەن.

زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستات دەکرێت چەند هۆکارێکی هەبێت وەکو:

  1. لەم سەردەمەدا، تەمەنی مرۆڤ درێژترە بەراورد بە سەدەکانی رابردوو، ئەمەش هۆکارە بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتری پیاوان بەتەمەندابچن و بگەن بەو تەمەنەی کە مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاترە
  2. بەهۆی ئەو پێشکەوتنانەی زانستی پزیشکی پێیگەیشتووە، ئاسانتر نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکرێت.

پڕۆستات رژێنێکی بچووکی شێوە گوێزییە کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی میزڵدان لە کۆئەندامی زاوزێی پیاواندا، فرمانی سەرەکیی ئەم رژێنە دروستکردن و دەردانی ئەو شلەیەیە کە بەهاخۆراکییەکان دەدات بە تۆو و تۆو دەگوازێتەوە.

کاتێک بە شێوازێکی کۆنترۆڵنەکراو خانەکانی رژێنی پڕۆستات دابەشدەبن و زیاددەکەن، گرێ دروستدەبێت، ئەم گرێیانە دەکرێت بێزیانبن، هەروەها دەکرێت شێرپەنجەییش بن.

لەگەڵ بەتەمەنداچوونی پیاواندا، مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاددەکات، هەربۆیە گرنگە پیاوان ئەگەر مێژووی خێزانییان هەبوو بۆ نەخۆشییەکە، واتە ئەگەر ئەندامانی خێزانەکەیان تووشبووی شێرپەنجەی پڕۆستاتی تێدابوو، پێویستە لە سەرووی تەمەنی 40 ساڵییەوە دەستبکەن بە ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە. ئەگەر کەسەکە هیچ ئەندامێکی خێزانەکەی تووشی نەخۆشییەکە نەبووبوو، ئەوا پێویستە لە سەرووی 45 یان 50 ساڵییەوە پشکنینی پێشوەختە ئەنجامبدات. دواتر بە گوێرەی ئەنجامی پشکنینەکان دیاریدەکرێت کە ئایا پێویستە چارەخوازەکە ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک پشکنینکەکە ئەنجامبداتەوە.

 نیشانەکان:

زۆرینەی تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستات لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەدا هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرناکەوێت، بەڵام لەگەڵ تەشەنەکردنی نەخۆشییەکەدا بۆ قۆناغەکانی دواتر و کۆتایی، چەند نیشانەیەک لەوانەیە دەربکەون، وەکو:

  1. دروستبوونی ئاستەنگ لەکاتی میزکردندا
  2. کەمهێزی لە کاتی میزکردندا
  3. هەبوونی خوێن لە میزدا
  4. خوێن لە تۆواودا
  5. ئازاری ئێسک
  6. دابەزینی کێش بەبێ ویستی کەسەکە