دوو توێژینەوە: شەوان خواردن نەخورێت و وەرزشبکرێت

وەرزشکردن دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ

لەوانەیە هەموومان ئەوەمان بیستبێت کە دەڵێن تۆ ئەو خواردنەی کە دەیخۆیت، ئەمە تا ڕاددەیەکی زۆر راستی تێدایە؛ بەڵام توێژینەوە لە دوای توێژینەوە زیاتر دەریدەخەن کە نەک تەنیا جۆری خواردنەکە، بەڵکو کات و خێرایی خواردنیش، کاردەکەنە سەر تەندروستیت.

توێژینەوەیەکی نوێ، کە لەسەرنزیکەی 11 هەزار کەسی خەڵکی کۆریای باشوور کراوە، دەریخستووە ئەو کەسانەی بەخێرایی ناندەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە ژمارەیەک نەخۆشی زیاترە.
توێژینەوەکە دەریخستووە ئەوانەی بەخێرایی ناندەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی وەکو قەڵەوی، شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر زیاترە.

جگەلە خێرایی نانخواردن، پسپۆڕان باس لەوە دەکەن ئەوانەی شەوانە بە درەنگەوە ناندەخۆن، بە هەمان شێوە مەترسیی ئەم نەخۆشییانەیان لەسەرە.

بنەمای توێژینەوەکە ئەوە بووە کە لە کاتی نانخواردندا، گەدە تاوەکو نزیکەی 20 خولەک ئاماژە بە مێشک نادات کە تێربووە، بۆیە ئەو کەسانەی خێرادەخۆن، بەبەردەوامی زیاتر لەو بڕە دەخۆن کە پێویستیانە.

هەر پەیوەست بەو چالاکییانەوە کە لە شەودا دەکرێت، توێژینەوەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان داببەزێت، واباشترە شەوانە وەرزشبکەن

پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە وەرزشکردن دەبێتەهۆی دەردانی ئیندۆرفینەکان، هەروەها یارمەتیدەرە لە دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین، کە بەرپرسە لە رێکخستنەوەی خەو، هەر بۆیە ئەو کەسانەی شەوانە، واتە لە دوای کاتژمێر 6ی ئێوارەوە دەستدەکەن بە وەرزشکردن، کێشیان زیاتر دادەبەزێت و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەختەش کەمتردەبێتەوە.

پەیوەست بە ماوەی وەرزشکردنەوە، توێژەران باس لەوە دەکەن کە هەموو رۆژێک وەرزشکردن، گرنگترە لەوەی کە لە ماوەی رۆژێکدا چەند وەرزشدەکرێت.

بێگومان، لە هەر کاتێکی رۆژدا بێت، وەرزشکردن یەکێکە لە بەسوودترین چالاکییەکان و رێگری لە نەخۆشییەکانی شەکرە، بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ دەکات