ئەمریکا لەژێر هەڕەشەی تەشەنەکردنی سوورێژەدایە

پاش زیاتر لە 20 ساڵ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی سوورێژە و کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە 20 ساڵی یەکەمی سەدەی 21دا، ئەمریکا جارێکی دیکە لە ژێر هەڕەشەی سەرهەڵدانەوە و بڵاوبوونەوەی سوورێژەدایە.

لە کانونی دووەمی ساڵی 2020ەوە تاوەکو ئاداری 2024، لە ئەمریکا 338 کەس بە نەخۆشیی سوورێژە دەستنیشانکراون و نزیکەی سێیەکی حاڵەتەکان لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2024دا تۆمارکراون، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لەمساڵدا 17 هێندە زیادیکردووە بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو.

لە ساڵی 2000دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە توانیویانە بەتەواوی بەرگریی گشتی دژی نەخۆشییەکە دروستبکەن و هیچ حاڵەتێکی نەخۆشییەکە لە ئەمریکا نەماوە، بەڵام رەنگە زۆربوونی حاڵەتەکانی سوورێژە لە سێ ساڵی رابردوودا، ئەو راگەیەندراوەی ساڵی 2000ی ئەمریکا پوچەڵبکاتەوە.

پسپۆڕانی وڵاتەکە پاش لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکان، بۆیاندەرکەوت کە 68%ی حاڵەتەکان ئەو کەسانەبوون کە کوتانی دژی سوورێژەیان وەرنەگرتووە، 29%ی حاڵەتەکانیش ئەو کەسانە بوون کە دڵنیانەبوون لەوەی کوتانەکەیان وەرگرتووە یان نا و تەنیا 9%ی حاڵەتەکان پێشتر کوتانەکەیان وەرگرتبوو.

یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکان گەشتکردنی هاوڵاتیانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ وڵاتانی دیکە یان کاتبەسەربردنی هاوڵاتیانە لە دەوروبەری تووشبووەکان.

هەربۆیە پسپۆڕان بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە نیگەرانن و دەڵێن پێویستە بە زووترین کات هەڵمەتی کوتان رابگەیەنرێت.

لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەکو رێگریکردنێک لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی ئەمریکا، هەڵمەتێکی نوێی کوتان دژی سوورێژە دەستیپێکردووە و بڕیارە هەموو ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. هەڵمەتەکە منداڵانی باخچە تاوەکو منداڵانی دوا قۆناغی سەرەتایی دەگرێتەوە.

سوورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەیە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، چەند نیشانەیەک لە تووشبووەکاندا دروستدەکات وەکو تا، کۆکە، ئاوکردنی لووت، ئاوکردن وسووربوونەوەی چاو و پەڵەی پێست.