بەگوێرەی یاسایەکی نوێ لە بەریتانیا، دروستکردنی وێنەی ساختەی پۆرنۆگرافی یان دیپفەیک، بە تاوان لە قەڵەمدەدرێت و سزای زیندانیکردنی ئەنجامدەرەکەی بەدوادادێت.
وەزارەتی دادی بەریتانیا رایگەیاند، هەر کەسێک وێنەی ساختە دروستبکات بەبێ رەزامەندی بەرامبەر، رووبەڕووی تاوان و سزای دارایی بێسنوور دەبێتەوە، ئەگەر وێنەکە بە شێوەیەکی فراوان بڵاوببێتەوە، کەسەکە زیندانی دەکرێت.
هاوکات ئەگەر کەسێک وێنەیەکی ساختەی بەرهەمهێنابێت و تەنانەت نەشیەوێت وێنەکە بڵاوبکاتەوە بە هەمان شێوە کارەکەی بە تاوان لە قەڵەمدەدرێت.
دیپفەیک بریتییە لە وێنەیەک یان ڤیدیۆیەکی ساختە کە بە شێوەی دیجیتاڵی و بە یارمەتی ژیریی دەستکرد دروستدەکرێت، بۆ گۆڕینی رووخساری کەسێک بە رووخساری کەسێکی دیکە و ئەنجامدانی کارێک کە هەرگیز ئەنجامینەداوە.
بەپێی یاسای سەلامەتی ئینتەرنێت لە بەریتانیا، کە ساڵی رابردوو پەسەندکرا، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی دیپفەیک بە نایاسایی کرا، ئێستا ئەگەر کەسێک دیپفەیکی پۆرنۆگرافی بڵاوبکاتەوە کارەکەی بە دژی یاسا و بە تاوان لە قەڵەمدەدرێت.