بانکى ناوەندى عێراق لە هەفتەى رابردوودا رۆژانە نزیکەى 271 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە

بانکى ناوەندیى عێراق چەند رێنماییەکى بۆ کڕینى دۆلار بڵاوکردەوە. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بانکى ناوەندى عێراق لەهەفتەى رابردوودا، لەرێگەى پلاتفۆرمى ئەلیکترۆنییەوە لەماوەى پێنج رۆژدا زیاتر لە یەک ملیار و 354 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە و تێکڕاى رۆژانە نزیکەى 271 ملیۆن دۆلار بووە.

بانکى ناوەندى لەماوەى 14ـى نیسان بۆ 18ـى نیسان، بڕى یەک ملیار و 354 ملیۆن و 296 هەزار دۆلارى فرۆشتووە، بە بانک و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو، لەو بڕە یەک ملیار و 263 ملیۆن دۆلار و 771 هەزار دۆلارى بە حەواڵە بووە، هەروەها بڕى 90 ملیۆن و 525 هەزار دۆلاریشى بە کاش بووە.

لە رۆژى یەکشەممەى هەفتەى رابردوو، بەهۆى ئاڵۆزییەکانى هێرشەکەى ئێران بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل، بەهاى 100 دۆلار گەیشتە 149 هەزار و 250 دینار لە بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو لە هەرێمى کوردستان و عێراق، بەڵام لە رۆژى پێنجشەممەى هەفتەى رابردوو بەهاى دینار بەرزبووەوە و بەهاى 100 دۆلار بە 148 هەزار و 500 دینار مامەڵەى پێوە دەکرا.

رۆژى شەممە 20ـى نیسان، بەهاى 100 دۆلار بە 147 هەزار و 750 دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت، هۆکارى بەرزبوونەوەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بۆ  سەردانەکەى سودانى دەگەڕێتەوە، کە لەگەڵ وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، پێشبینى دەکرێت لەم هەفتەیەدا بانکى ناوەندى عێراق خستنەڕووى دۆلار بەکاش زیاتر بکات.