فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆسکۆ دەستیپێکرد

ئێوارەی هەینی رابردوو، مەراسیمی کردنەوەی 46ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆسکۆ لە رووسیا ئەنجامدرا و فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی سینەماکارەکان دەستیپێکرد.

پێش دەستپێکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆسکۆ، پاڵێوراوان و ئەندامانی ناوخۆیی و بیانیی سینەما، بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین و دەستپێکی فێستیڤاڵەکەیان راگەیاند.

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆسکۆ، 240 فیلم لە 56 وڵاتی جیاوازەوە نمایشدەکرێن، ژمارەیەکیش لە فیلمە دیارەکان، لەلایەن دەستەیەک لە داوەرە ناخۆیی و دەرەکییە سینەماییەکانەوە، هەڵسەنگاندنیان بۆدەکرێت و بە سەرۆکایەتیی دەرهێنەری دیاری ئایسلەندا، فریدریک سۆر، براوە دیاریدەکرێت.

بۆ ئەمساڵ، فێستیڤاڵی فیلمی بریکس، کە ساڵانە بە سەرۆکایەتیی وڵاتێکی جیاوازی ئەندام لە رێکخراوی بریکس ئەنجامدەدرێت، بەشێکە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆسکۆ، لە چوارچێوەی پرۆگرامی نیشاندانی فیلمەکانیشدا، هەشت فیلم، لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکەوە نمایشدەکرێن.

بڕیارە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆسکۆ، تاوەکو 26ی نیسان بەردەوامبێت و بەشێکی دیار لە فیلمە رۆژئاواییەکان، کە لە 70 فیلم پێکهاتوون، نمایشدەکرێن و پێشبینی دەکرێت، بەرهەمێکی بیانیی ببێت بە براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵەکە.

لە ئاستی دابەشکردنی خەڵاتدا، 13 خەڵاتی جیاواز دابەشدەکرێن، لە دیارترینیان؛ خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی تایبەتی داوەران، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، خەڵاتی باشترین ئەکتەر و خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر.