ریشی سوناک: تاوەکو ساڵی 2030 ناهێڵین ئۆکرانیا بێ چەک بێت

ریشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا فۆتۆ: AP

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی هاوکاریکردنی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم دەیەیە بەردەوامدەبن لە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بە حکومەتی ئۆکرانیا.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە گوتارێکیدا لەرۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، وڵاتەکەی پابەندە بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا بە هەمان ئاستی ئێستا تاوەکو ساڵی 2030.

لەماوەی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن،سەرۆکی فەڕەنسا، تاوتوێی هاوکاریی زیاتری بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکە و کەرەستەی سەربازییان بۆ ئۆکرانیا کردووە.

هاوکات ئەمریکاش بڕیاریدا 61 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی بۆ حکومەتی کێیڤ تەرخانبکات" بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رووسیا.

لەبەرامبەردا رووسیا دەستیکردووە بە هێرشکردنە سەر تۆڕی شەمەندۆفێری کەرتی وزە و سەربازیی ئۆکرانیا، بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە.