تەندروستیی جیهانی: بڵاوبوونەوەی پەتای دێنگ کتوپڕ و مەترسیدارە

پەتای دێنگ لە ئەمریکا بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو هێندە زیادیکردووە و رێکخراوێکی تەندروستیش ئەمە بە حاڵەتێکی کتوپڕ و مەترسیدار ناودەبات

ئێستا پەتای دێنگ لە باکوور و باشووری ئەمریکا بە شێوازێکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، بە جۆرێک رێکخراوی تەندروستیی ئەمریکا کە بەشێکە لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن و 200 هەزار کەس لە ئەمریکا تووشی پەتاکە بوون، کە ئەمەش دوو هێندەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکەیە بەراورد بە ساڵی 2023.

بەراورد بە مانگی رابردووش، رێژەی تووشبوون بە پەتاکە لە ئەمریکا بە رێژەی 48% زیادیکردووە.

هەربۆیە رێکخراوی تەندروستیی ئەمریکا ئەمە بە مەترسیی دەبینێت لەسەر تەندروستیی گشتیی هاوڵاتییان و تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 800 کەس بەهۆی پەتاکەوە گیانیانلەدەستداوە.

پەتای دێنگ پەتایەکی ڤایرۆسییە کە لە رێگەی مێشولەیەکەوە دەگوازرێتەوە بەناوی ئەیدیس ئیجێبتای و دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە، سەرئێشەی توند، ئاوسانی لیمفەگرێکان، ئازاری جومگە، پەڵەی پێست، دڵتێکەڵهاتن، رشانەوە و چەند نیشانەیەکی تریش.

لەگەڵ ئەوەی پێکوتەی دژ بە پەتاکە بوونی هەیە، بەڵام ژمارەیەکی دیاریکراو لە پێکوتەکە بەردەستە و هەموو هاوڵاتییانی ئەمریکا ناتوانن سوودی لێوەربگرن.