وەزیری بەرگریی عێراق: سودانی داوای کڕینی فڕۆکە و سەکۆی دژە درۆنی لە ئەمریکا کردووە

وێنەی کۆبوونەوەی سودانی و بایدن

وەزیرى بەرگریى عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەردانەکەیدا بۆ واشنتنی پایتەختی ئەمریکا تاوتوێی گرێبەستی کڕینی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتەکردووە، دەشڵێت: زیاتر لە 50 کۆمپانیای بیانى ئامادەیى خۆیان نیشانداوە بۆ وەبەرهێنان لە بوارى پیشەسازیى سەربازى لە عێراق.

رۆژی شەممە، 20ى نیسانى 2024، سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا گفتوگۆی کردووە لە بارەى فڕۆکەى ئێف 16 و هێلیکۆپتەری جۆری بێڵ، کردووە و خواستی گرێبەستکردنى بۆ دابینکردنی سەکۆی ئەندرۆترۆن دەربڕیوە کە دژە درۆنە".

گوتیشى: "حکومەت پشتیوانیى خۆى بۆ وەبەرهێنان و پیشەسازییەکان بە گشتی و پیشەسازییە تایبەتمەند و بەرگرییەکان بەتایبەتی دەربڕیوە و ئامادەیى خۆشى بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکانى عێراق دەبڕیوە".

بەگوتەى وەزیرى بەرگریى عێراق، "54 کۆمپانیای بیانى ئامادەیى خۆیان نیشانداوە بۆ وەبەرهێنان لە بوارى پیشەسازیى سەربازى لە عێراق".

جەختى لەوەشکردەوە "وەزارەتی بەرگری، لەژێر رۆشنایی پاڵپشتیی سەرۆکوەزیران لە پەرەپێدانی تواناکانی چەکداران"، ئامادەیى خۆى نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنى کۆمپانیاکان و پەرەپێدانى پیشەسازییە سەربازییەکان.

دوای 7 رۆژ مانەوەی و رۆژی شەممە، 20ی نیسانی 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاش ئەنجامدانی چەندین دیداری دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی، لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەیشتەوە بەغدادی پایتەختی عێراق.