لە وڵاتی مالی بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە دەیان کەس گیانیانلەدەستدا

 وڵاتی مالی بەدەست گەرماوە دەناڵێنێت و لەم ساڵدا زیاتر لە سەد کەس بەهۆی شەپۆلی گەرماوە گیانیالەدەستداوە. رێکخراوێکی جیهانیش دەڵێت بەبێ بوونی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمە رووینەدەدا.

شاری کایس لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، پلەی گەرمیی 48.5ی تۆمارکردووە و پلەی گەرمیی شارەکانی دیکەش گەیشتووەتە 45 پلەی سیلیزی؛ بەگوێرەی گووتەی پسپۆڕانی کەشوهەوا، ئەم پلە گەرمییە نزیکەی 1.5 پلە لە سەرووی پلەی گەرمیی ئاساییەوە بووە.

بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، تەنیا لە چوار رۆژی سەرەتای مانگی نیساندا، 102 کەس بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە گیانیانلەدەستداوە. بەگوێرەی گووتەی پسپۆڕانی رێکخراوی کاریگەریی کەشوهەوای جیهان، سەرەکیترین هۆکاری ئەم شەپۆلەی گەرما دەگەڕێننەوە بۆ دیاردەی گەرمبوونی جیهانی، هەروەها باس لەوە دەکەن کە لەناوبردنی رووبەرە سەوزاییەکانی شارەکە و بەکارهێنانیان بۆ پڕۆژەی خانووبەرە هۆکارێکی دیکەی گرنگە.

گەرمبوونی جیهانی، دیاردەیەکە کە بەهۆیەوە بەرەبەرە کەشوهەوای زەوی دەگۆڕێت و بەرەو گەرمبوون دەچێت، پسپۆڕان هۆکاری ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ پیسبوونی ژینگە و پاشماوە پیشەسازییەکان.