چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" له ڕۆژانی 18 تا 22ـی ئه‌یلوولی 2024 لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی رووسیا بەڕێوەدەچێت.
مەنسور جیهانی، رۆژنامەنووسی سینەمایی سەربەخۆ، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی کەرەم گەردەن زەری ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی رووسیا، لەژێر بەرپرسیارییەتی گولیزەر گەردەن زەری و ئینا تێدژۆڤا بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا، به مه‌به‌ستی رەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێرنی نەتەویی کورد فێستیڤاڵەکە رێکدەخرێت، تێیدا نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵنده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی شه‌ویی سینه‌مای کوردی، به‌شی نمایشی باشترین فیلمه‌کانی رووسیا و پێشانگەی کو‌لتووریی و هونه‌ریی، له ڕۆژانی 18 تا 22ـی ئه‌یلوولی 2024 لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی رووسیا دەکرێت.
به‌رپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"، داوا له هه‌موو ئه‌و فیلمسازانە ده‌که‌ن که فیلمیان سه‌باره‌ت به کورد ساز کردووه، به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌کان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمه‌کانی خۆیان بۆ به‌شداری له به‌شی پێشبڕکێی ئه‌م رووداوه سینه‌ماییه بنێرن، ڕۆژی 10ـی حوزه‌یرانی 2024یش بە دوایین مۆڵه‌تی ناردنی به‌رهه‌مه‌کان دیاریی کراوه.
خەڵاتی "هەتاوی زێڕین" ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرنگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی درێژی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی درێژ، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی "هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی"دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.
بەرپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" Moscow لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: "ئه‌م فێستیڤاڵه، له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا بووەته رووداوێکی باوه‌ڕپێکراو و خۆشه‌ویست لەلایه‌ن هۆگرانی هونه‌ریی سینه‌ماوە، به تایبه‌ت جێگەی خۆشحاڵییه که نەک ته‌نیا کوردانی تاراوگه و نیشته‌جێی وڵاتی رووسیا بوونه‌ته هۆگریی فێستیڤاڵه‌کە به‌ڵکو ساڵی پار، سه‌رنجی زۆریی لەلایه‌ن پیشه‌گه‌رانی سینه‌ما و هه‌روه‌ها بینه‌رانی رووسیاوە بۆلای خۆی راکێشاوە. هه‌ر ئه‌وه گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه که ئێمه له ئێستادا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی کارێکی گرنگ و زۆر پێویستین".
ئاماژەیان بەوەشداوە، "له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی فێستیڤاڵدا، پلانێکمان داڕشت که بینه‌ران نەک ته‌نیا له‌گه‌ڵ سینه‌ما، به‌ڵکو به شێوه‌ی گشتیی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و جیاوازیی کورده‌کان ئاشنا بکه‌ین، له ساڵی 2023ـدا توانیمان پێشانگەیه‌ک له هونه‌ری هاوچه‌رخی کوردیی به‌ڕێوه‌به‌رین و ئه‌مساڵیش هیوادارین که ئه‌م ڕێگەیە درێژه پێبده‌ین و جگه له سینه‌ما و شێوه‌کاری، موزیک، هه‌ڵپه‌ڕکێ، ئه‌ده‌بیات و ته‌نانه‌ت خواردنی زۆر خۆشیی کورده‌واریش پێشکه‌ش بکه‌ین."
لە درێژه‌ی ئه‌م راگەیەندراوه رۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: "ساڵی پار، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"، سەرنجی خستبووه سه‌ر سینه‌مای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌و مێژوو و دابوونه‌ریته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی که هه‌یه‌تی، ئه‌مساڵیش به شێوه‌ی گشتیی ته‌رکیزمان خستووەته سه‌ر ئاخاوتن و وتووێژیی نێوان کو‌لتووریی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ سینه‌مای رووسیادا، کوردەکان یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە که هەموو ئەم تایبەتمەندییه جوانانە لە سینەمای هاوچەرخی کوردی‌دا خۆی دەرخستووە. فیلمه‌کانی فێستیڤاڵی کوردی "مۆسکۆ"، بینه‌رانی خۆی ئاوێته‌ی جوانناسی و به‌هێزبوونی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی، دابوونه‌ریت و که‌له‌پووریی ئایینی و هه‌روه‌ها دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیی و کو‌لتوورییەکانی کورد ده‌کات که به‌ڕاستی خه‌زێنه‌ی راسته‌قینه‌ی سینه‌مای رۆژهه‌ڵاتن."