پسپۆڕێک: لەوانەیە پێویستبکات لە 35 ساڵی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی کۆڵۆن بکرێت

د. دانا تەیب غەریب - پزیشکی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر

پزیشکێکی کورد باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی لە کەسانی ئاساییدا پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی کۆڵۆن لە تەمەنی 45 ساڵیدا دەستپێدەکات، بەڵام ئەو کەسانەی مێژووی خێزانیی زوو دەستپێکردنی نەخۆشییەکەیان هەیە، بۆنموونە ئەندامێکی خێزانەکەیان لە 45 ساڵیدا تووشی ئەم نەخۆشییە بووە، دەبێت ئەندامانی دیکەی خێزانەکە لانیکەم 10 ساڵ بەرلە تەمەنی دەستپێکی نەخۆشییەکە لە چارەخوازەکەدا، پشکنینەکە بکەن.

د. دانا تەیب غەریب، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و هەناوبینی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 باسی لە گرنگی و شێوازی کردنی هەناوبینیی کۆڵۆن کرد و گووتی "ئێستا بەراورد بە جاران پشکنینەکە زۆر پێشکەوتووە و تێکەڵکراوە بە ژیریی دەستکرد، بەجۆرێک هەندێجار ئامێرەکە خۆی دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکاندا"

پزیشکەکە رێنمایی ئەو کەسانە دەکات کە وا بڕیارە پشکنینی هەناوبینییان بۆ بکرێت و دەڵێت "دەبێت لانیکەم 3 رۆژ بەرلە پشکنینەکە، دووربکەونەوە لە خواردنی قورس و چەور، 24 کاتژمێریش بەرلە پشکنینەکە دەرمانی تایبەت بە رەوانی بخۆن، بۆئەوەی ریخۆڵەیان پاکببێتەوە"

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو چارەخوازانەی پابەند نابن بەم رێنماییانەوە، زۆرجار کێشە بۆ ئەنجامی پشکنینەکانیان دروستدەبێت و لەوانەیە پێویستبکات دووبارەی بکەنەوە.

سەبارەت بە زیان و ماکەکانی ئەم پشکنینە، پزیشکە کوردەکە باسی لەوە کرد کە ماک و لێکەوتەکانی پشکنینی هەناوبینیی کۆڵۆن زۆر کەمن؛ بۆنموونە لە 10 هەزار پشکنیندا، یەکجار ئەگەری کونبوونی ریخۆڵە هەیە؛ گووتیشی "ئەو ماکانەی دروستدەبن، هەموویان چارەسەریان هەیە و پزیشکان بەردەوام کۆمەڵێک پێداویستی و ئامێری پزیشکییان لە شوێنی پشکنینەکە هەڵگرتووە، بۆئەوەی لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا بتوانن دەستبەجێ چارەسەری کێشەکە بکەن و مەترسی نەکەوێتە سەر ژیانی نەخۆشەکە"

لە درێژەی قسەکانیدا، د. دانا تەیب ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان، دەبێت پشکنینی پێشوەختەی کۆڵۆن لەڕێگەی هەناوبینییەوە لە تەمەنی 45 ساڵییەوە دەستپێبکات و لە کوردستانیش پشت بەم ستانداردانە دەبەسترێت؛ ئەمەش لەبەرئەوەی کە توێژینەوەیەکی ئەوتۆ نییە کە تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان؛ بەڵام "بەگوێرەی ئەو توێژینەوە سەرەتاییانەی کراون، لەوانەیە 45 ساڵی بۆ هاونیشتمانییانی کورد درەنگ بێت".