توێژینەوەیەکی نوێ سوودێکی گرنگی قاوەخواردنەوە دەردەخات

توێژەرانی بەریتانیا و هۆڵەندا، هەواڵێکی خۆشیان بۆ ئەو کەسانە پێیە کە پێشتر تووشبووی شێرپەنجەی ریخۆڵە بوون و ئارەزوومەندی قاوەخواردنەوەشن.

توێژینەوەکە لە رۆژنامەی زە گاردیەنی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، تێیدا 1700 کەس بەشداربوون کە پێشتر تووشبووی شێرپەنجەی ریخۆڵەبوون.

توێژەرەکان هەستان بە لێکدانەوەی ئەو بڕە قاوەیەی رۆژانە بەشداربووەکان دەیانخواردەوە.

بەرەنجامی توێژینەوەکە دەریخست، ئەو کەسانەی رۆژانە لانیکەم دوو بۆ چوار کوپ قاوەیان دەخواردەوە، مەترسیی تووشبوونەوەیان بە شێرپەنجەی ریخۆڵە کەمتربوو بەراورد بەو بەشداربووانەی قاوەیان نەدەخواردەوە.

لە توێژینەوەکەدا ئەوەش دەرکەوت، ئەو بەشداربووانەی قاوەی زیاتریان دەخواردەوە مەترسیی تووشبوونەوەیان بە نەخۆشییەکە کەمتربوو بەراورد بە ئەو کەسانەی بڕێکی کەمتر لە قاوەیان دەخواردەوە، واتە بڕی ئەو قاوەیەی رۆژانە دەخورێتەوە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوونەوەی ئەم کەسانە بە شێرپەنجەی ریخۆڵە.

ئەم توێژینەوەیە بە یەکەمین توێژینەوە دادەنرێت کە تێیدا سەرنج خراوەتەسەر پەیوەندیی نێوان قاوەخواردنەوە و شێرپەنجەی کۆڵۆن.

راستە خواردنەوەی قاوە کاریگەریی لەسەر ئەم  نەخۆشییە هەیە، بەڵام تووشبووانی ئەم جۆرەی شێرپەنجە پێش ئەوەی بڕی خواردنەوەی قاوەی رۆژانەیان بە شێوازێکی بەرچاو بگۆڕن، پێویستە بۆچوونی پزیشکەکەیان وەربگرن و پرسیان پێبکەن.

گرنگە بزانرێت کە بەرەنجامی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە ناکات کە قاوەخواردنەوە دەبێتە هۆکار بۆ تووشنەبوونەوە بە نەخۆشییەکە، تەنیا ئاماژەی بەوەکردووە کە خواردنەوەی قاوە لەو کەسانەی پێشتر تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆن بوون، مەترسیی تووشبوونەوە بە نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە.