بانکیی ناوەندی تورکیا بە سەرۆکایەتیی فاتیح کاراهان، کۆبوونەوەی مانگی نیسانی لەبارەی رێژەی سودی بانکیی ئەنجامدا و وەک ئابووریناسانیش پێشبینییان کردبوو گۆڕانکاریی رووینەدا.
دوای کۆبوونەوەکە بانکی ناوەندیی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاریانداوە رێژەی سوودی بانکیی لە 50% رابگرن و گۆڕانکاریی تێدا نەکەن.
بەگوێرەی ئەو راپرسییەی لەناو ئابووریناسان و شارەزایانی بواریی دارایی ئەنجامدراوە، چاوەڕواندەکرێت سوودیی بانکیی لە چەند مانگی داهاتوو وەک خۆی بمێنێتەوە و کۆتایی ساڵ بۆ 45% دابەزێنرێت و لە 12 مانگی داهاتووشدا بۆ 37% کەمبکرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە مانگی رابردوو، بانکەکە 500 خاڵ رێژەی سودی بانکیی بەرزکردەوە و لە 45%وە گەیاندییە 50%.
پاش دانانی حافیزە گایا ئەرکان، وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا، بانەکەکە دوای 27 مانگ و لە حوزەیرانی 2023 بە زیادکردنی 650 خاڵ سوودیی بانکیی لە 8.5%ـەوە بۆ 15% بەرزکردەوە. مانگی تەمووزی 2023 بە زیادکردنی 250 خاڵ رێژەی سوود بۆ 17.5% بەرزکردەوە.
رێژەی سوودی بانکیی لە مانگەکانی دواتر بەمجۆرە بوو؛
مانگی ئاب 750 خاڵ زیادکرا و بۆ 25% بەرزکرایەوە.
مانگی ئەیلول 500 خاڵ زیادکرا و بۆ 30% بەرزکرایەوە.
مانگی تشرینی یەکەم 500 خاڵ بەرزکرایەوە و گەیەندرایە 35%.
مانگی تشرینی دووەم 500 خاڵ بەرزکرایەوە و گەیەندرایە 40%.
لە مانگی کانونی یەکەمی 2023دا 250 خاڵ زیادکرا و بۆ 42.5% بەرزکرایەوە.
مانگی کانونی دووەمی 2024دا 250 خاڵی دیکە زیادکرا و بۆ 45% بەرزکرایەوە.
مانگی شوبات لەگەڵ دەستبەکاربوونی فاتیح کاراهان بۆ یەکەمجار رێژەی سودی بانکیی لە 45% بە جێگیریی هێڵرایەوە.
مانگی ئازار جارێکی دیکە بە زیادکردنی 500 خاڵ رێژەی سودی بەرزکرایەوە و گەیەندرایە 50%.
بەمجۆرەش بانکیی ناوەندیی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی 2023 تاوەکو مانگی ئازاری 2024 رێژەی سوی بانکیی لە 8.5%وە بۆ 50% زیادکردووە.
ئامانجی سەرەکی گۆڕانکارییەکانی رێژەی سودیی بانکیی و بەرزکردنەوەی لەلایەن بانکی ناوەندیی تورکیاوە، کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسانە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەرۆکی تورکیای گرتووە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی بانکیی ناوەندیی و سیاسەتە دارایی و ئابوورییەکەی حکومەت، تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهاتووە، چونکە ساڵی 2022 رێژەی هەڵاوسان گەیشتە 64.27، ساڵی رابردوو رێژەکە بۆ 64.77 بەرزبووەوە و مانگی رابردووش گەیشتە 68.50.
بەهۆی ئەو بارگرانییەی هەڵاوسان لەسەر شانی هاوڵاتیانی باکووری کوردستان و تورکیا دروستیکردووە، درووشمی سەرەکیی پارتەکان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی 14ـی ئایاری 2023 و هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری ئەمساڵیش چارەسەرکردنی هەڵاوسان و بەرزیی نرخ بوو.
حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی تاوەکو ئێستا سەرکەتووە نەبووە لە سیاسەتە داراییەکەی و نەیتوانیوە رێژەی هەڵاوسان کەمبکاتەوە و بەهای لیرە بەرزبکاتەوە.
هاوکات بەهای لیرەش بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر سێ هەزار و 256 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.