پیڤیا(پیڤمێسیلینام) دەرمانێکی دژەبەکتریایە و رێکخراوی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی هەوکردنی بەکتریایی میزەڕۆ لە خانمانی پێگەیشتوودا پەسەندکرد.
ئەم دەرمانە بۆ ماوەی چوار دەیە لە ئەوروپا بەکارهێنراوە و کاریگەر و سەلامەت بووە بۆ بەکارهێنەران. لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەم دژە بەکتریایە بە رێژەی 62% سەرکەوتووبووە لە کەمکردنەوەی بەکتریاکە و کەمترکردنەوەی نیشانەکانی هەوکردنەکە.
پیڤیا هاوشێوەی دژەبەکتریاکانی دیکە کاردەکات و رێژەی سەرکەوتنەکەی نزیکەی 76%، هاوکات بە دەرمانێکی زۆر باشتر لە ئایبۆپرۆفین دادەنرێت لە کەمکردنەوەی ئازاری ئەو کەسانەی تووشی هەوکردنی بەکتریایی میزەڕۆ بوون.
بۆ یەکەم جارە لە ماوەی دوو دەیەدا، رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا دەرمانێکی دژەبەکتریا بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی میزەڕۆ پەسەندبکات.
پسپۆڕان دەڵێن بەهۆی ئەوەی بەکتریاکان بەرگرییان بۆ دژەبەکتریا کۆنەکان دروستبووە، گرنگە دژەبەکتریای نوێ پەسەندبکرێن و بەکاربهێنرێن لە چارەسەری هەوکردنەکاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بە بەرپرسیارییەوە بەکاربهێنرێن.
رێکخراوەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت ئەو کەسانەی هەستیارن بە ئەو کۆمەڵە دژەبەکتریایەی پێیان دەگوترێت بێتالاکتەمەکان، نابێت پیڤیا بەکاربهێنن.
هەوکردنی میزەڕۆ، دەکرێت هەوکردنی هەریەکە لە بەشە جیاوازەکانی کۆئەندامی میز بێت وەکو گورچیلەکان، میزەڵدان و بۆری میز.
هەوکردنی میزەڕۆ حاڵەتێکی باوە و زیاتر خانمان تووشی دەبن، بەڵام ئەمە بە مانای تووشنەبوونی پیاوان بەم حاڵەتە نایەت.
زۆرینەی کات هەوکردنەکە بەهۆی بەکتریاوە روودەدات و چەند نیشانەیەکی وەکو زووزوو میزکردن، هەستکردن بە سووتانەوە لەکاتی میزکردندا، میزهاتنی لەپڕ، میزی خوێناوی و چەندین نیشانی دیکەش دروستدەکات.