کەسایەتیی ئۆزەمپیک چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکارهێنەرانی ئۆزەمپیک باس لە کاریگەرییەکانی دەرمانەکە دەکەن لەسەر کەسایەتییان و ناویان لێناوە (کەسایەتیی ئۆزەمپیک)
یەکێک لەو دەرمانانەی لە ماوەی پێشوودا لە سەرانسەری جیهاندا ناوبانگێکی زۆری دەرکرد ئەو دەرمانانەبوون کە بۆ نەخۆشیی شەکرە بەکاردەهێنران و سێماگلوتایدیان تێدابوو وەکو ئۆزەمپیک، ویگۆڤی، مۆنجارۆ و زیپباوند.
 رۆژ بە رۆژ توێژینەوەی یەک لەسەر یەک بڵاودەکرانەوە و باسی سوودە جیاوازەکانی دەرمانەکانیان دەکرد بە جۆرێک هەندێجار جێی سەرسوڕمان بوو کە دەرمانەکە لێکەوتەیەکی ئەوتۆی نەبوو.
بەڵام ئێستا دوای ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک دەرمانەکانیان بەکارهێناوە سەرنجیانداوە کە دەرمانەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر دەرووندروستییان داناوە و ئەم کاریگەرییانەیان ناوناوە (کەسایەتی ئۆزەمپیک) واتا کەسەکە بەهۆی دەرمانێکی وەکو ئۆزەمپیکەوە کەسایەتی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. لەو کاریگەرییانەش تێکچوونی مەزاج، زیادبوونی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی و کەمبوونەوەی حەزی کەسەکە بۆ ئەو چالاکییانەی پێشتر حەزی لێبووە.

پسپۆڕان دەڵێن لەوانەیە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانە دروستبوونی گۆڕانکاری بێت لە هۆرمۆنی دۆپامیندا بەڵام پەیوەندییەکە بەتەواوی روون نییە. بە گوێرەی تاقیکردنەوەیەک کە لەسەر ئاژەڵ کراوە بەشێک لە پسپۆڕان دەڵێن، کاتێک ئێمە خۆراکێکی دڵخوازی خۆمان دەخۆین، دۆپامین لە مێشکماندا زیاددەکات و دڵمانخۆشدەبێت، بەڵام کاتێک کەسێک ئەم دەرمانانە بەکاردەهێنێت، وردە وردە وایلێدێت لەگەڵ خواردندا، دۆپامین زیاد ناکات و چیدی حەز و خولیای بۆ خواردن نامێنێ، هەربۆیە لەوانەیە تاوانی دەرمانەکە نەبێت کە کەسەکە تووشی خەمۆکی دەبێت بەڵکو ئالودەبوونی کەسەکەبێت بە خواردنی ناتەندروست و شیرین.