نادال یەکەم یاریی کراوەی مەدریدی بردەوە

رافائیل نادال، لە کراوەی مەدرید 2024. فۆتۆ: AP

لە پاڵەوانییەتی کراوەی مەدرید بۆ تێنسی سەرزەوی، لە یەکێک لە یارییە بەچێژەکان، کە رافائیل نادالی ئیسپانی رووبەرووی داروین بلانشی ئەمریکی بووەوە، یارییەکە لە بەرژەوەندی نادال کۆتاییهات و یەکەم بردنەوەی خۆی لە کراوەی مەدرید بەدەستهێنا.

یارییەکە بۆ رافا نادال ئاسانبوو چونکە داروین بلانش تەمەنی 16 ساڵانە و یەکێکە لە یاریزانە هەرە نوێ و کەم ئەزموونەکان، بۆیە لە سەرەتاوە نادال سێرڤی داروینی شکاند و توانی کۆمەڵەکانی بە ئاسانی لێبباتەوە، خاڵی کۆمەڵەکانیش 6 بە 1 و 6 بە 0 بوو.

رکابەری گەنجێکم کرد کە داهاتوویەکی گەورە چاوەڕێی دەکات، بەڵام هەندێک هەڵەی کرد، بۆیە بە ئاسانی بردمەوە، من نەمدەویست سەرکێشی بکەم، وە دڵخۆشیشم لە کۆتاییدا توانیم بیبەمەوە و هیوای باشترین داهاتووش بۆ داروین دەخوازم.

رافایل نادال، یاریزانی تێنسی سەرزەوی.

نادال سێیەمجارە لە پاڵەوانییەتیەکانی ئەمساڵ بەشداری دەکات، ئەم یارییەی بە ئاسانی لە ماوەی 64 خولەدا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە، ئامانجیشی ئەوەیە بۆ شەشەمینجار لە کاروانی وەرزشی خۆیدا ناسناوی کراوەی مەدرید بباتەوە.

لە یاریی داهاتووشدا نادال رووبەڕووی ئالێک دی مینۆری ئوسترالی دەبێتەوە، کە توانی نادال لە کراوەی بەرشلۆنە بێبەشبکات.

دوای چەند ساڵێک بۆ من شتەکان باش دەڕۆن و پەرەیانسەندووە، هەموو کات من لە هەر پاڵەوانییەتیەک یارییم کردبێت، هاندەری زۆری لێبووە و پشتگیری زۆرم هەبووە، بەراستی بۆ من ئەمانە واتەی زۆرە، من هەوڵدەدەم چێژ لە هەموو ساتێک وەربگرم و سبەیش پرۆڤە دەکەم و دووبارە یاریی دەکەمەوە، هەستێکی نایابم هەیە.

رافایل نادال، یاریزانی تێنسی سەرزەوی.
رافائیل نادال و داروین بلانش، لە کراوەی مەدرید 2024. فۆتۆ: AP