سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "نزیکەی 50 هەزار تۆن هاوکاریمان بۆ غەززە رەوانەکردووە" دەشلێت، "لەگەڵ ئیسرائیل تورکیا پەیوەندیی بچڕاندووە".
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا بچڕاندووە، لەسەروویانەوە پەیوەندییە بازرگانییەکان، دەشڵێت، وڵاتەکەی تاکە وڵاتە هەناردەی بۆ ئیسرائیل سنووردارکردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەمیانی کۆنفرانسی پێنجەمی پلاتفۆرمی قودس لەنێوان پەرلەمانی وڵاتاندا کە رۆژانی 26-28ی نیسان بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەشداریی نزیکەی 600 پەرلەمانتار لە 75 وڵاتەوە بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا بچڕاندووە و بەردەوامن لە بچڕاندنی زیاتری پەیوەندییەکان.
پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە 75 ساڵی رابردوودا پڕ بووە لە هەوراز و نشێو، ناوەڕاستی ساڵی رابردوو هەردوولا هەنگاوی گەورەیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان نابوو، بەڵام هێرشە کتوپڕەکەی چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس بە شێویەکی کاتیی هەنگاوەکانی راگرت.
لە ئێستادا تورکیا هەوڵدەدات ئەو ئاگرەی لە غەززە کەوتووەتەوە، ئەو پردە نوێیە نەسووتێنێت کە لەگەڵ ئیسرائیل دروستیکردووە، هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی ئەردۆغان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا، بەشێکە لەو هەوڵانە، بەمجۆرە ئێستا تورکیا لەنێوان دووڕیانێکدایە، لەلایەک هەوڵی راگرتن و مانەوەی پردە نوێیەکەی دەدات لەگەڵ ئیسرائیل و لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی قوربانیی هێرشەکانی ئیسرائیل، دەستی بە رەخنەگرتن لە تەلئەڤیڤ کردووە.