حيزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی یەکدیدەکەن

بۆردوومانکردنى لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە. فۆتۆ:AP

حیزبوڵڵای لوبنانی بە مووشەک و درۆنی خۆکوژ، دوو بنکەی سەربازیی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج و سوپای ئیسرائیلیش باشووری لوبنانی بەچڕی بۆردووماندەکات.

لە راگەیەندراوێکدا حیزبوڵڵای لوبنانی ئاشکرایکردووە "لەکاردانەوەی بۆردوومانکردنی گوندەکانمان و ماڵی هاوڵاتییانی مەدەنی لە هەردوو شارۆچکەی کەفەرکەلا و کەفەر شۆبا، رۆژی شەممە هێرشێکی هاوبەشمان لە رێگەی درۆنی خۆکوژی و مووشەکی ئاراستەکراوەوە کردووتەسەر بارەگای سەرکرایەتیی سەربازیی ئیسرائیل و کەتیبەی 51ی لیوای جۆلانی لە ئۆردووگای مەنارە".

میدیای لوبنانی بڵاویکردووەتەوە، درەنگانی شەوی شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەچڕی بۆردوومانی چەند ناوچەیەکیان لە باشووری لوبنان کردووە.

لەدوای رووداوەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل زیادیانکردووە و رۆژانە بۆردوومانی پێگە و بارەگا سەربازییەکانی یەکدیدەکەن.