وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ساڵی رابردوو دوو هەزار و 272  ڤیزامان داوە بە هاوڵاتییانی عێراقی

بینای کۆنگرێسی ئەمریکا فۆتۆ:AP

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژمارەی پێدانی ڤیزای وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە و دەڵێت "دوو هەزار و 272  ڤیزامان داوە بە هاوڵاتییانی عێراق".

بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2023، ژمارەی ئەو ئەو کەسانەی ڤیزای ئەمریکایان وەرگرتووە 562 هەزار کەسبوون.

رۆژی یەکشەممە 28ـی نیسانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ژمارەی پێدانی ڤیزای وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی 44 هەزار و 239 کەس توانیویانە ڤیزای ئەمریکا بەدەستبهێنن.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵی 2023دا تەنیا دوو هەزار و 272 هاوڵاتیی عێراقی ڤیزایان لەلایەن ئەمریکاوە پێدراوە.

لەنێو وڵاتانی عەرەبی، هاوڵاتییانی میسر زۆرترین ڤیزای ئەمریکایان بەدەستهێناوە کە 5 هەزار و 944 کەس بوون.

بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، ڤیزا دەدرێت بەسەرجەم وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای پەیوەندی خێزانی و کار، یاخود ئەو پرۆگرامانەی تایبەتن بەپرسی کۆچبەران بەشێوەیەکی یاسایی.