کەناڵ8 زیانە داراییەکانى سوتانى بازاڕى قەیسەرى هەولێر و چەلێ لە دهۆک ئاشکرا دەکات

ئاگرەکەى بازاڕى قەیسەرى لە هەولێر. فۆتۆ: کەناڵ8

هێشتا بە فەرمى زیانە داراییەکانى سووتانى بازاڕى قەیسەرى هەولێر و بازاڕى چەلێ لە دهۆک رانەگەیەندراوە، بەڵام خاوەن دوکانەکان زیانە داراییەکانیان بۆ کەناڵ8 ئاشکرا دەکەن.

بەگوێرەى راگەیەندراوى پارێزگارى هەولێر، لە بازاڕى قەیسەرى هەولێر 227 دوکان و حەوت کۆگاى بچوک سووتاون و خاوەن دوکانەکان داواى قەرەبووى دارایى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن.

یەکێک لە دوکاندارەکانى بازاڕى چەلێ لە دهۆک بۆ کەناڵ8 رایگەیاند" زیانە داراییەکانمان زۆر زۆرن، دوکان هەیە 50 هەزار دۆلار زیانى دارایى بەرکەوتووە، کەمترین زیانى دارایى 15 هەزار دۆلار بووە".

ئاماژەى بەوەشکرد، چاوەڕێى حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن تاوەکو هاوکارییان بکەن و ئەو زیانە داراییە زۆرەى کردوویانە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە قەرەبووى دارایى بکرێنەوە.

بەگوێرەى ئەو داتا نافەرمییانەى کە دەست کەناڵ8 کەوتووە، بازاڕى چەلێ لە دهۆک نزیکەى 20 ملیار و بازاڕى قەیسەرى هەولێر زیاتر لە 35 ملیار دینار زیانى داراییان بەرکەوتووە، کە ئەو داتایانە بەشێوەى خەمڵاندن و لەسەر بنەماى ژمارە و زیانى دوکانەکان وەرگیراوە.