زانیاریی لەبارەی ناردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

دیناری عێراقی فۆتۆ: حەمەسوور- کەناڵ8

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان خەرجکردووە و سەرچاوەیەکیش لە بانکی ناوەندی عێراق – لقی هەرێمی کوردستان دەڵێت: تاوەکو ئێستا پارەکە نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، کەمێک لەمەبەر 611 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکرا.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندی عێراق – لقی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت: تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی عێراق لە دوای بڕیاری خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، چەند رێکارێک دەگرێتەبەر و دواتر پارەکە دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە بانکی ناوەندی عێراق – لقی هەرێمی کوردستان و چاوەڕێدەکرێت بەم نزیکانە پارەکە بخرێتە سەر هەژمارەکە.

 تاوەکو ئێستا مووچەى مانگى شەشى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دابەشنەکراوە و بەغداش مووچەى مانگى 5ـى وەزارەتى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانى نەناردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە، دەستەى خانەنشینیى عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 1ـى تەمووزى 2024، دەستکرا بە دابەشکردنى مووچەى خانەنشینیى بۆ مانگى تەمووز.