روونکردنەوەی پەکەکە لەسەر تۆمەتبارکردنیان بە سوتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکوک

کەجەکە روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رەتیدەکاتەوە دەستیان لە هیچ جۆرە کردەیەکی ئاگرکردنەوەی لەناو ئەو شارانەدا هەبێت کە لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و عێراق پێى تۆمەتبارکراوە.

لە روونکردنەوەکەى لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سیستەمی كۆمەڵگەی كوردستان (كەجەكە) ئاماژە بەوە کراوە "ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە رەتدەكەینەوە".

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕ و گوندەكانی كەركوك و هەولێر و دهوكمان سوتاندووە هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە".

دەشڵێن "ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون".

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئێمە هیچ دوژمنایەتییەكمان بەرامبەر دەوڵەتی عێراق و خەڵكی عێراقی نییە، بزووتنەوەیەك كە بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەكۆشێت، ئەم تۆمەتانە بوختانن لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیاوە، ئاشكرایە كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كاتی دەركردنی ئەم بەیاننامەیەدا لە ژێر كاریگەری رێنمایی هەندێك لایەندا بووە".

روونکردنەوەکە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە، لەمیانەى کۆنفرانسێکى هاوبەشى رۆژنامەوانیدا وەزارەتەکانى ناوخۆى حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان دەستگیرکردنى سێ کەسیان راگەیاند، کە "بەرپرسیاربوون لە سوتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکوک".

لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا "پەکەکە" بە ئەنجامدانى سوتاندنى ئەو بازاڕانە تۆمەتبارکرا و ئاماژە بەوە کرابوو "ئامانجیان لەم بابەتە لێدان لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بووە لە وڵاتێک کە بە شێوەیەکى راستەوخۆ نەیارین، تێکدانى سەقامگیرى پارێزگاکانى کەرکوک و هەولێر و دهۆک، هەروەها کردنە ئامانجى پارێزگاى بەغداد و پارێزگاکانى دیکە بووە، کاریگەرى لەسەر ئاسایش و ئابووریى  پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى راستەوخۆ".