وەزارەتى دارایی عێراق لیستى مووچەى پێشمەرگە بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە

هێزەكانی پێشمەرگە. فۆتۆ: پەڕەی وەزارەتی پێشمەرگە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك

بەگوێرەى دوو سەرچاوەى ئاگادار، وەزارەتى دارایی عێراق لیستى مووچەى مانگى حوزەیرانى پێشمەرگەى پەسەند نەکردووە و ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى دەکاتەوە، لیژنەیەکیش وردبینى لە لیستەکەدا دەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگە بە کەناڵ8ى راگەیاند، بە پاساوى کێشە و کەموکورتى، وەزارەتى دارایی عێراق لیستى مووچەى مانگى نیسانى پێشمەرگەى پەسەند نەکردووە و داوایکردووە گۆڕانکاریى تێدابکرێت.

گوتیشى، "وەزارەتى دارایى بە لایەنى حکومەتى هەرێمى کوردستانی راگەیاندووە، لە بەغدادەوە شاندێک رەوانەى هەولێر دەکات بۆ چاککردنەوەى لیستى مووچەى پێشمەرگە".

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت، وەزارەتى دارایى عێراق تێبینى لەسەر لیستێکى مووچەى پێشمەرگە هەیە و بۆ وردبینى تەواو لە لیستى هێزەکانى حەفتا و هەشتا لیژنەیەک هاتووەتە هەرێمى کوردستان و سەرقاڵى وردبینییە.

هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ کەناڵ8 پشتڕاستیکردەوە، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لیستى مووچەى مانگى حوزەیرانى پێشمەرگەى پەسەند نەکردووە، رژدە لەسەر ئەوەى لیستەکە چاکبکریتەوە، یاخود سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیارى خەرجکردنى مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە بدات.

 حکومەتى عێراق تاوەکو ئێستا بەتەنیا مووچەى نیسانى هێزە ئەمنییەکانى خەرجکردووە کە بڕەکەى 344 ملیار و 875 ملیۆن دینار بووە.