تورکیا و هەپەگە ئاماری جیاواز لەبارەی پێکدادانەکانیان بڵاودەکەنەوە

وەزارەتى بەرگریى تورکیا و ناوەندى راگەیاندنى هێزەکانى گەل 'هەپەگە' ئامارى جیاوازیان لەبارەى شەڕوپێکدادانەکانى نێوانیان بڵاوکردەوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، "لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ و چنگ قفڵ لە هەرێمی کوردستان، 10 ئەندامی پەکەکەیان کوشتووە."

وەزارەتەکە شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکەی ئاشکرا نەکردووە و مەزەندە دەکرێت لە ناوچەکە پێکدادان روویدابێت.

لەبەرامبەردا هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە"، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، "لەمیانی هێرشەکانیاندا لە ماوەی مانگی حوزەیراندا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، 46 سەربازی تورکیایان کوشتووە".

لە ماوەی رابردوودا تورکیا بوونی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەی بەرواری باڵا زیادکردووە و دەستی بە زیادکردنی بنکەکانی مانەوە و دانانی خاڵی پشکنین کردووە.

هاوکات پێکدادانەکانی نێوان پارتی کرێکاران و سوپای تورکیا، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەشێوەی رۆژانە بڵاودەکرێتەوە، بەراورد بە رابردوو توندتر بوونەتەوە.