بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە لە خەمی داهاتوو و ژیانی خەڵكەكەماندا بین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پێویستە لە خەمی داهاتوو و ژیانی خەڵكەكەماندا بین و هیواشیخواست، هەموولایەك بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتی، "لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا. بەردەوامیی گفتوگۆی لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دووپاتكرایەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان لایەنەكان كردەوە و رایگەیاند، دۆخەكە پێویستی بە هەوڵی هەمووانە و پێویستە پێكەوە لە خەمی داهاتوو و ژیانی خەڵكەكەماندا بین، هیوادارین هەموولایەك بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و هەنگاوەكانیان لەخزمەت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەكاندا بێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت پرسی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی كوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە رێككەوتنەكان و پاراستنی مافی هەموولایەك لەچوارچێوەی دەستووردا كردەوە".