مەسعود بارزانى بۆ چەند پرسێک سەردانى بەغداد دەکات

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

بڕیارە رۆژى چوارشەممە، مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بگاتە بەغداد و زنجیرە گفتوگۆ و دانوستانێک لەگەڵ زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانى عێراق ئەنجامبدات.

مەریوان قەرەنى، جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـی گوت، سەردانەکەى بارزانى کاریگەریى گەورەى ئەرێنیى دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان بەغداد و هەرێمی کوردستان و چارەسەرى پرسە هەڵواسراوەکان.

بە گوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، پرسى ماددەى 140، دۆخی قەزای شنگال، تەواوکردنی رێککەوتننامه سیاسییه کانی ئیدارەى دەوڵەت، مووچەی فەرمانبەران، هەڵوێستی لەسەر پارێزگاری کەرکوک لە کارنامەی سەردانەکەى بارزانى دەبێت بۆ بەغداد.

کەناڵ8 ئەوەشى زانیوە، ئەگەر لایەنەکان پێشنیاز بکەن، مەسعود بارزانى دەستتپێشخەرى دەبێت بۆ لێکنزیککردنەوەى لایەنە ناکۆکەکان و یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران.

بە گوێرەى زانیارییە نافەرمییەکان، لە سەردانەکەى بۆ بەغداد، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرکردەى باڵاى هێز سیاسییەکانى عێراق کۆدەبێتەوە.

سەردانەکەى مەسعود بارزانى، هاوکاتە لەگەڵ لێک نزیکبوونەوەکانى ئەنقەرە و بەغداد لەسەر دۆسێ هەڵواسراوەکانى نێوانیان و لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە چەند ناوچەیەکى پارێزگاى دهۆک.