فایەق زێدان بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانییەکانتان زیاتر هانمان دەدات بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق رایگەیاند، پشتیوانییەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر هانیان دەدات بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە گوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتی، "بافڵ جەلال تاڵەبانی لە نزیکەوە پشتگیری خۆی و یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ سەربەخۆیی دامەزراوەی دادوەریی عێراق و پێزانینی بێپایانی بۆ پێگە و رۆڵی فایەق زێدان دەربڕی کە لەرابردوودا نیشتمانییانە و دادپەروەرانە لەخزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان و پاراستنی دەستوور بووە، رایگەیاند: بەتوندی ئیدانەی هەر بێڕێزی و دەستبردنێک بۆ سەروەری و سەربەخۆیی دامەزراوەی باڵای دادوەری عیراق و سەرۆکەکەی دەکەین".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سوپاس و پێزانینی بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتی دەڕبڕی و پشتیوانییەکانیانی بە دەرفەت و هاندانی زیاتر وەسفکرد بۆ پاراستنی سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری لە عیراق و پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکان و پاراستنی مافە یاسایی و دەستوورییەکان لەوڵاتدا.

 ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا باس لە میکانیزمەکانی پەرەپێدان و پێشخستنی توانا زانستی و یاساییەکانی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان کرا.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لەبەشێکی تری دیدارەکەدا جەخت لە بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانیی و چارەسەرکردنی دەستوورییانەی سەرجەم کێشەکان کرایەوە بەشێوەیەک مافی هەموولایەک لەچوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەریدا پارێزراوبێت".