
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا مەرجی سەرەکیی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق ڕاگەیاندووە، کە بریتییە لە چەکداماڵین و نەمانی چەکدارانی پەکەکە لە قەزای شنگال. فیدان ئاماژەی بەوە کردووە کە لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەی هاوبەشی نێوان ئەنقەرە و بەغداد، بوونی سوپای تورکیا لە عێراق قۆناغ بە قۆناغ کەم دەکرێتەوە تا گەیشتن بە کشانەوەی تەواوەتی.
لە بەرامبەردا، لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای لێکتێگەیشتنەکانی ئەمدواییەی ئەنقەرە و بەغداد دێت لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان؛ پێشتر ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو کە لەمەودوا حکومەتی عێراق دەسەڵاتی تەواوی بەسەر سنوورەکانی شنگالدا دەبێت بۆ سنووردارکردنی جووڵەی پەکەکە. بەڵام لە کاتێکدا بەرپرسانی تورکیا تەنها باس لە بنکەی سەربازیی باشیک دەکەن، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی فەرمی بە چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی دیکەیان وەک بنکەی زێلکان و خاڵە سەربازییەکانی ناو خاکی هەرێمی کوردستان نەکراوە، کە بەردەوام جێگەی ناڕەزایەتیی دەسەڵاتی فیدراڵ بووە.
بوونی سوپای تورکیا لە عێراق لە بنکەی سەربازیی باشیک لە پارێزگای نەینەوا بۆ ساڵی 2015 و جەنگی دژ بە داعش دەگەڕێتەوە، کە چەندین جار گرژیی دیپلۆماسیی لە نێوان هەردوو پایتەختدا دروستکردووە. تورکیا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و قەزای شنگال بەردەوام ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ لێدانی پێگەکانی پەکەکە ئەنجام دەدات.
حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەنقەرە، پەکەکەی وەک "ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو" ناساندووە، لە بەرامبەردا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لە شنگال و سنوورەکان، بەهانەی ئۆپەراسیۆن و مانەوەی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی وڵاتەکەی کۆتایی پێبهێنێت.
شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنیی: سەربازگەى باشیک ڕادەستى هێزە عێراقییەکان کرا
کەناڵ8 ئاشکرایکرد و ئەردۆغان و زەیدی پشتڕاستی دەکەنەوە؛ تورکیا دەکشێتەوە
تۆم باراک: کشانەوەی سەربازیی تورکیا لە عێراق خاڵی وەرچەرخانە
هێزەکانی تورکیا هاوشێوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە
