هەڵبژاردەی عێراق دەگاتە ئوردن

یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق

هەڵبژاردەی عێراق ئەمڕۆ گەشتدەکات بۆ وڵاتی ئوردن، سبەینێ دەستدەکەن بە ئامادەکارییەکانیان بۆ پاڵەوانێتی ئوردنی نێودەوڵەتی.

شاندی هەڵبژاردەی عێراق، ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی بەغدادەوە گەشتدەکەن بەرەو عەمانی پایتەختی ئوردن، بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانییەتی چوار هەڵبژاردەیی نێودەوڵەتی، کە لە 13ی ئەم مانگە بە یاریی نێوان "شێرەکانی رافیدەین" و قەتەر دەستپێدەکات.

عێراق بە راهێنەرایەتی خیسۆس کاساسی ئیسپانی، وابڕیارە دوای گەیشتنی بۆ ئوردن راستەوخۆ سبەینێ دەست بە راهێنان بکەن، کە تەنیا یاریزانە نێوخۆییەکان بەشداری تێدادەکەن، پاشان رۆژی سێشەمە یاریزانە پیشەگەرەکان پەیوەندی بە کامپی راهێنانەکانەوە دەکەن.

دەستەی هونەریی هەڵبژاردەی عێراق سەرنجیان لەسەر ئەو یاریزانانە دەبێت کە بەتەواوی ئامادەن و دەیانەوێت هەلێک بە یاریزانە نوێیەکان ببەخشن، لە نموونەی عەلی جاسم، مستەفا سەعدون و دانیلۆ سەعید.

پاڵەوانییەتییەکە بە بەشداریی چوار هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت، براوەی نێوان عێراق و قەتەر، لە یاریی کۆتایی رووبەڕووی براوەی نێوان ئوردن و ئێران دەبێتەوە.