قووە جەوییە یارییەکانی پرۆلیگ لە واست ئەنجامدەدات

یاریگەی نێودەوڵەتی یانەی کوت لەشاری واست. فۆتۆ: سۆشیال میدیا

یانەی قووە جەوییە، یارییەکانی پرۆلیگی عێراق لە یاریگەی ئۆڵۆمپی کوت لە شاری واست ئەنجامدەدات، چونکە هێشتا یاریگەی شەعب لە بەغداد لە نۆژەنکردنەوەدایە و کارەکانی تەواو نەبووە.

قووە جەوییە دووەم یانەی پرۆلیگی عێراقە یاریگەی کوت بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی ئەم وەرزە دەستنیشاندەکات، یانەی قاسم بە هەمانشێوە لەم یاریگەیەدا یارییەکانی وەرزی نوێی خولی عێراق ئەنجامدەدات.

هۆکاری ئەم بڕیارەی قووە جەوییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە یاریگەکە توانای لەخۆگرتنی 20 هەزار هاندەری هەیە، پێشتریش میوانداریی چەندین بۆنەی نێوخۆیی گەورەی کردووە، دیارترینیان جامی سوپەری نێوان زەورا و شورتە بوو، کە لە ساڵی 2019 لەم یاریگەیەدا ئەنجامدرا.

یانە شینپۆشەکەی عێراق جگە لە خولی پرۆلیگ، بەشدارە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا و چانسێکی باشی هەیە بۆ گەیشتن بە قۆناغە یەکلاکەرەوەکان، لەو خولەشدا یارییەکانیان گواستووەتەوە بۆ یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، بەم زانیارییانەدا بۆماندەردەکەوێت، کە یانە گەورەکەی وڵاتی نێوان دوو رووبارەکە، یاریگەیەکی دیاریکراوی نییە و سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی لە خول و پاڵەوانێتییە جۆراوجۆرەکان، لە دوو یاریگەی یانەکانی دیکە ئەنجامدەدات.