قووە جەوییە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئیتیحاد ئامادەیە

یاریزانانی یانەی قووە جەوییەی عێراقی

کارگێڕی یانەی قووە جەوییە رایگەیاند، یانەکە بە تەواوی ئامادەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی یانەی ئیتیحادی سعودی، کە لە گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لەنێو یاریگەی ''جەوهەرە''ی تایبەت بە ئیتیحاد یارییدەکەن.

ئەحمەد خزێر، سەرپەرشتیاری یانەی قووە جەوییە بە کەناڵ8ی راگەیاند : '' بە باشی خۆمان ئامادەکردووە و کامپی مەشق و راهێنانەکانمان لە شاری بەغداد، یانەکەمانی زیاتر ئامادەکردووە بۆ رووبەروو بوونەوەی ئیتیحادی شاری جەددە، هەروەها هەموو ئامادەکارییە کارگێرییەکان ئەنجامدراوە بۆ گەشتکردن بۆ سعودییە''.

ئاماژەی بەوەش كرد : '' تەواوی یاریزانانی یانەکە ئامادەن و ئەو یاریزانانەش کە بەشداریی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراقییان کردووە لە جامی دۆستانەی ئوردن، گەڕاوونەتەوە و دەستیانکردووە بە راهێنان، هیوامان وایە هەموو یاریزانەکان رۆڵی خۆیان بگێڕن و بەردەوامبین لە سەرکردایەتی کۆمەڵەکەمان''.

گوتیشی: '' تا رادەیەک کارئاسانی بۆ هاندەران کراوە کە بتوانن لە نێو یاریگەی ئیتیحاد ئامادەبن و یانەکە لە ئێستادا پێویستی بە پاڵپشتی هاندەران هەیە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوام بێت".