ئاماری ئەمساڵی سەردانی گەشتیار بۆ سلێمانی رادەگەیەنرێت

گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، لە سلێمانی زیاتر لە 1570 ناوچەی گەشتیاری بوونی هەیە، بە سەرجەم قەزاو ناحیەکانییەوە، تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانیان کردووە.

ئارام شوانی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە کەناڵ8ی گوت :" ئەو گەشتیارانەی سەردانی سلێمانی دەکەن، لە 85% گەشتیارانی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، بەپلەی دووەمیش گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پاشان گەشتیاری بیانین".

گوتیشی :" تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانیان کردووە و ساڵی رابردووش رێژەی گەشتیار دوو ملیۆنی تێپەڕاند".

گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی روونیكردەوە، داهاتی گەشتیاران دەچێتە گیرفانی خاوەنکار، پیشەوەران و کاسبکارانی بواری گەشتیاریی پارێزگاکە، هەر لەسنووری پارێزگاکە زیاتر لە 325 هۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیاری بوونی هەیە.