بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی سودانی سەردانی سعودیە دەکات

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق. فۆتۆ: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیران

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی و بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، سەردانی سعودیە دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 28ی نیسان، سودانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە، سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە، بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەکات کە بڕیارە لە رۆژانی 28 و 29ی نیسان لە شارى ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەبچێت.

لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، چەند پرسێکی نێودەوڵەتی و هەماهەنگیی نێوان وڵاتان لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

رۆژی 1ی نیسانی 2024، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بانگهێشتنامەی جێنشینی سعودیەی رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شارى ریاز.