ئێران ریزبەندی 16ی جیهانیی هەیە لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلدا

کارگەیەکی دروستکقردنی ئۆتۆمبێل لە ئێران فۆتۆ: AP

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبێل، ئێران لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلدا پلەی 16هەمینی جیهانی گرتووە.

ئەم ئامارە پاش ئەوە دێت بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئێران لە ساڵی 2023 دا یەک ملیۆن و 188هەزار و 471 ئۆتۆمبێلی تێپەڕاند.

رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبێل رایگەیاندووە "ئێران بەراورد بەساڵی 2022، بە رێژەی 12٪ بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبیلى زیادکردووە".

پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە ئێران لەساڵی 2022دا لە دوای پیشەسازیی نەوت و گاز، سێیەمین پیشەسازیی وڵاتەکەیە 10%ی بەرهەمی گشتیی ناوخۆ و 4%ی هێزی کاری وڵاتەکە پێکدەهێنێت.

چین لە پلەی یەکەمی لیستەکەدایە بە 30 ملیۆن و 160 هەزار و 966 ئۆتۆمبێل، ئەمریکا بە 10ملیۆن و 611 هەزار و 555 ئۆتۆمبێل پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، هاوکات ژاپۆن بە 8 ملیۆن و 997 هەزار و 440 ئۆتۆمبێل لە پلەی سێیەمدایە.

لە دوای ئەوانیش هیندستان، کۆریای باشوور، ئەڵمانیا، مەکسیک، ئیسپانیا، بەرازیل، تایلەند، کەنەدا، فەڕەنسا، تورکیا، کۆماری چیک و ئەندەنوسیا دێن، دواتر ئێران، سلۆڤاکیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، مالیزیا و رووسیا دێن.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی ئێران، ساڵانە ئێران پێویستی بە 600 هەزار ئۆتۆمبێلى هاوردە هەیە.