سودانى داوا دەکات بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکانى عێراق و تورکیا بکرێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان و محەمەد شیاع سودانى. فۆتۆ:AP

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبووەوە و سەرۆکوەزیران داوایکرد، بەدواداچوون بکرێت بۆ جێبەجێکردنى یاداشتنامە واژۆکراوەکان لەگەڵ تورکیا، یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنى نێوان وەزارەتى کارەبا و کۆمپانیاى سیمنز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە گازى هاوەڵی نەوت پەسەندکرا.

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەى هەفتانەى ئاسایی خۆى ئەنجامدا و محەمەد شیاع سودانى، دەرئەنجامى سەردانەکەى بۆ ئەمریکا و سەردانەکەى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ بەغداد و واژۆکردنى 26 یاداشتنامە و رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە روونکردەوە.

سودانى، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى راسپارد، بەدواداچوون بکەن بۆ جێبەجێکردنى یاداشتنامە واژۆکراوەکان و هەموو هەوڵێک بخرێتەگەر لە پێناو گەیشتن بە بەرزترین ئاستى سودى دوولایەنە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرۆژەى خزمەتگوزارى و پرۆژە یاسا پەسەندکران، لەوانە یاداشتنامەى نێوان وەزارەتى کارەبا و کۆمپانیاى سیمنز ئینیرجى بۆ بەکارهێنانى گازى هاوەڵ لە بەرهەمهێنانى کارەبادا، پرۆژە یاساى هەموارى یەکەمى یاساى دامەزراوەى شەهیدان.

هاوکات، بڕیاردرا، رێژەى وەرگرتنى یەکەمەکانى پەیمانگا تەکنیکییەکان لە زانکۆکان بەرێژەى 20% زیادبکرێت.